پەروین حەسەن: کار بۆ ئەوە دەکەین ژنان بگەنە جومگەکانی دەسەڵات و بڕیاردان
K24-هەولێر:
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی 23 ساڵ پێش ئێستا، بڕیاری 1325ـی دەرکرد کە پەیوەستە بە بەشداریپێکردنی ژنان لە جومگەکانی دەسەڵات، حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش پابەندن بەوەی بڕیارەکە جێبەجێ بکەن، لەمبارەیەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "وەکو ئەنجوومەنی باڵای خانمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی تایبەتمان هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە".
ئەمڕۆ سێشەممە (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) پەروین حەسەن، راوێژکاری ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 لەبارەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوتی:" لە ساڵی 2018ـەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیش پابەندن بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، بۆیە وەکو ئەنجوومەنی باڵای خانمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی تایبەتمان هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە".
هاوکات گوتیشی: "ئەو بڕیار و پلانە تەنها لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای خانمانەوە ئامادەنەکراوە، بەڵکو لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش کاریان لەسەر کردووە بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر حکومەت پشتیوان نەبێت ناتوانین هیچ کارێک ببەینە پێشەوە و پلانەکان وەکو پێویست جێبەجێ بکەین".
بە گوتەی راوێژکاری ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە بڕیارەکان چۆنیەتی بەشداری ژنان و پاراستنی ژنانە لە کاتی شەڕ و ململانێکان و، هەروەها رێگەگرتن لەو توندوتیژیانەی کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت بە هەموو شێوازەکان.
پەروین حەسەن، ئاماژەی بەوە کرد، بۆ هەر سێ بڕیارەکە پلانیان داڕشتووە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پشتیوانی کردوون بە پاڵپشتی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان. گوتیشی: "توانیویانە پلانێکی تۆکمە داڕژین و کاری لەسەر بکەن، ئێستاش لە جێبەجێکردندایە".
لەبارەی ئەوەی ئایا ژن خۆی بڕیار دەدات بچێتە جومگەی دەسەڵات و ببێتە بڕیاردەر یاخود حکومەت و دامودەزگاکان، راوێژکاری ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ساڵانی پێشوو ژن خۆی بڕیاردەر بوو، پارتە سیاسیەکانیش پشتیوانیان دەکردن، بەڵام ئێستا ژنان خۆیان هەوڵدەدەن بە کۆدەنگی بچنە ناوەندی بڕیاردان و تێگەیشتوون لەوەی لە ناوەندی بڕیاردا ئەگەر ژنی تێدا بێت زیاتر سەرکەوتوو دەبێت.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی هەن و دەڵێن ژنان خۆیان رێگری خۆیانن، پەروین حەسەن گوتی: "ناڵێم راست نییە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت خۆمان هەوڵبدەین، ئەوە کەس ناتوانێ رێگریمان لێبکات، لە دامەزراوەکانی وڵاتانیش پیاوان خاوەن بڕیارن، بۆ دەستخستنی دەرفەتەکان دەبێت ئێمە شەڕی بۆ بکەین و هەوڵی بۆ بدەین، لەگەڵ ئەوەش پێویستە ژنان توانای خۆیان بسەلمێنن و کاری جددی لەسەر بکەن".
لەسەر رێژەی ژنان و خواستی ئەوانیش وەکو ژن، راوێژکاری ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا: "رێژەی ژنمان زۆرە لە دامودەزگاکانی حکومەت، بەڵام کێشەمان لەگەڵ ئەوەیە ئایا چەند کەسیان لە ئاستی بڕیارداندان؟، ئەوەش لە ئاستی خواستی ئێمە نییە!".
سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەو کاتە ژن دەگاتە جومگە گرنگ و بەرزەکانی دەسەڵات کاتێک خۆی بیر بکاتەوە لە تواناکانی، بەڵام "پێم وایە دەبێت تا ئێستاش چەمکی کۆتا بۆ ژنان بمێنێت تا ئەو کاتەی خۆیان دان بە تواناکانی خۆیان دەنێن".
پەروین حەسەن باسی لەوەشکرد، ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان کار دەکات لەسەر ئەوەی پێگەی ژنان بەرز بکاتەوە لە رووی ئابووری و کاری بازرگانی، ئەو پرسە وەکو ستراتیژیەکی پێنج ساڵە کاری بۆ کراوە بۆ ئەوەی دۆخی ژنان باشتر بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، (31ـی تشرینی یەکەمی 2023)، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، رێورەسمێکی تایبەت بە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 1325ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئافرەت، ئاشتی و ئاسایش، لە هەولێر بەڕێوەچوو، کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و دەستەی یەکسانی رەگەزی و تواناسازی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UN Women) رێکخرابوو.
لە رێوڕەسمەکەدا سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان، كار دەکات بۆ زیاتر بەهێزکردن و پەرەپێدانی رۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت و، نەهێشتنی هەموو جۆرە پەراوێزخستنێکی رۆڵی ئافرەتان لە بڕیاری سیاسی و حوکمڕانی و، بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتان و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و کاردەکات بۆ زیاتر پەرەپێدانی کولتووری یەکسانی نێوان پیاو و ئافرەت.
ئامادەکردن: کارزان حەیدەر