وەزارەتی کشتوکاڵ جووتیاران ئاگادار دەکاتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو

K24 – هەولێر

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئامادەکاری بۆ دانانی پلانی بەرهەمی کشتوکاڵی زستانە بۆ وەرزی چاندن دەکات، داوا لە جووتیاران دەکات لە ماوەی 45 رۆژدا فۆڕمی زانیاری پڕ بکەنەوە.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ، جووتیاران ئاگادار دەکاتەوە: "لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ دانانی پلانی بەرهەمی کشتوکاڵی زستانە بۆ وەرزی چاندنی 2023- 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاگاداری سەرجەم جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە پێویستە لەماوەی (45) رۆژدا لە رێکەوتی (1/11/2023) تا (15/12/2023) فۆڕمی زانیاری جووتیاری راستەقینە پڕبکەنەوە، کە ئاماژە دەکات بە (ناوی جووتیار و رووبەری زەوی داچێنراو و پڕشتی پشبینیکراو) بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی بەبازاڕ

کردن و وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەرگرتن، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی عێراق و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم".

ئاماژە بەوەشکراو: "سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەت بە هەماهەنگی لقەکانی یەکێتی جووتیاران و ئەنجومەنی گوندەکان لیژنەی مەیدانی پێکدەهێنن و سەردانی زەوییەکانی جووتیاران دەکەن و زانیارییەکان لە فۆڕمێکی ئامادەکراو تۆمار دەکەن".

وەزارەتی کشتوکاڵ، روونیکردووەتەوە: "هەر جووتیارێک بەرپرسیار دەبێت، لە تۆمارکردن پێدانی زانیارییەکان لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکە، بەهۆی ئەوەی ئەم زانیاریانە دەبنە بنەمای مامەڵەکردن لەگەڵ جووتیارانمان لەکاتی ناردنی لیستی ناوی جووتیارانی راستەقینەی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی بارزگانی و وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ".