پشتیوان سادق: هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان (وێنە: کوردستان24)
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان (وێنە: کوردستان24)

K24 - هەولێر

وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەران دەکرێت. لەبارەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکانیش، دەڵێت، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان کێشەی ئایینیمان نییە". 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-11-2023، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێک بۆ ژمارەیەک مامۆستای ئایینی لە هەولێر، رایگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، وەیزی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان قسەمکردووە و بە منی گوت، هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆران دەکرێت".

دوێنێ سێشەممە، 31-10-2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دەبووایە پێش هەفتەیەک 700 ملیار دینارەکە بنێردرایە، ئەگەر هۆکار و بیانوویەکی دیکەی بۆ نەدۆزرێتەوە، دەبێت لەم هەفتەیەدا بگات".

لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ بەغدا، گوتەبێژی حکومەت گوتی: "وەزارەتی دارایی عێراق داوای تەرازووی پێداچوونەوەی سێ مانگیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو. ئەوەی پێویست بوو، بۆیان نێردراوە، بۆیە پێویستی نەدەکرد شاندی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بەغدا".

 

 

"لە هەرێمی کوردستان کێشەی ئایینیمان نییە"

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ئامادەبووانی گوت: "زانا و مامۆستایانی ئایینمان لە هەرێمی کوردستان، لە ئێمەی سیاسی و ئیداری زاناترن. ئێمە زۆر جار هەڵە دەکەین و پێویستیمان بە ئامۆژگاری مامۆستایانی ئایینیە".

وەکو ئەوەی پشتیوان سادق ئاماژەی پێ دا، "دۆزی ئێمەی کورد، دۆزێکی نیشتمانی و نەتەوەییە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان کێشەی ئایینیمان نییە. لە هەرێمی کوردستان بێجگە لە ئازادی پەرستن، ئازادی ئایینیش هەیە و ئەمە لە کەم وڵاتی جیهان هەیە؛ بۆ نموونە لە تورکیا و ئێران، دەیان جۆری ئایین هەیە، ئازادی پەرستن (عیبادەت) هەیە، بەڵام ئازادی ئایینیان نییە".

ژمارە و ناوی ئەو ئایین و باوەڕانەی بە شێوەیەكی فەرمی لە هەرێمی كوردستاندا ناسێنراون

سەبارەت بە ژمارە و ناوی ئەو ئایین و باوەڕانەی لە هەرێمی كوردستاندان و بەشێوەیەكی فەرمی ناسراون، و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی كارەكانیان، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2015ـی پەرلەمانی كوردستان، هەشت پێکھاتەی ئایین و ئاینزا لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتپێدراون و بەپێی یاسا ڕێكخراون و نوێنەرایەتییان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیدا هەیە، هەروەها لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەك بە ناوی (پێكەوەژیانی ئایینی) چالاكییان هەیە".

نەبەز ئیسماعیل، ئاماژەشی بەوە دا: "هەردوو پێكهاتەی ئایینی مەسیحی و ئێزدییەكان، خاوەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و كاروباری تایبەت بە خۆیانن و هەر خۆیشیان بەڕێوەی دەبەن، بەڵام سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینییە و لە پەیكەری یاسای وەزارەتدا جێگەیان بەڕێوەبەرایەتیی گشتییە".

 لەبارەی ناوی پێكهاتەی ئایین و ئاینزاكانیش گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئاماژەی بۆ هەر یەك لە: ئیسلام، مەسیحی، ئێزدی، بەهائی، سابیئەی مەندائی، جوو، زەردەشتی و کاکەیی، كرد و، گوتی: ئەم ئایین و باوەڕانە سەرجەمیان چالاكییان هەیە و پەیوەندییەكی بەهێزیش لەنێوانیاندا هەیە، و بەشداریی بۆنە، رێوڕەسم و چالاكیی یەكدیش دەكەن.

ئاماری مزگەوت، كەنیسە و پەرستگە ئایینییەكان

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئاماژەی بەوە دا کە لە هەرێمی كوردستان پێنج هەزار و 800 مزگەوت هەن و بە پێی پێویستیش وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی مۆڵەت دەدات، بەڵام بە مەرجی پێویستیی ئەو شوێنەیە. لەو ژمارەیەى سەرەوەش، لە سێ هەزار و 200 مزگەوتیان گوتاری هەینی دەدرێت كە لە چوارچێوەی بۆردێكی باڵای دانانی وتار سەرپەرشتی دەكرێن و بە پێی‌ بڕیاری كۆنفڕانسی ڕێكخستنی گوتاری ئایینیی ساڵی 2016 بڕیاری كردنەوەی لە بارەوە دراوە. ئێستا "بۆردی باڵای وتار" و "بۆردی پارێزگاكانی هەرێم"، بە هەماهەنگی، وتاری هەینی دادەنێن.

هەر لە هەرێمی كوردستان، 145 كەنیسە هەن و بە پێی پێویستیی شوێنەكە حكومەتی هەرێمى كوردستان پاڵپشتیی دروستكردنی كەنیسە دەكات. ئێستاش هەرێمی كوردستان خاوەنی 400 شوێنی ئایینیی نێوان هەموو پێکھاتەی ئایین و ئاینزاكانە و بەشێكیان شوێنی هاوبەشى دوو ئایین یان باوەڕن، بۆ نمونە ئایینی ئیسلام و مەسیحی."

دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی پەرستگە و شوێنە ئایینییەكان

لە كابینەی نۆیەم، پلانی تۆكمەی ئەندازیاری داڕێژراوە بۆ نۆژەكردنەوەی شوێنی  پێکھاتەی ئایین و ئاینزاكان، دیارترنیان نۆژەنکردنەوەى مەزارگەی سوڵتان مەزەفەرەدین بووە لە شاری هەولێر، كە لەسەر ئەركی سەرۆكی حكومەت و بە سێ‌ قۆناغ نۆژەن كراوەتەوە، هەر لەسەر ئەركی سەرۆكی حكومەت مزگەوتی گەورەی سلێمانی و مزگەوتی كاك ئەحمەدی شێخ نۆژەن دەكرێنەوە، لە پارێزگای دهۆكیش بەهەمان شێوە كار دەكرێـت، وەك نۆژەنكردنەوی بنكەی لالش و چەندین شوێنگەى ئایینى دیکە لە دەڤەرەكە.

پرسی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان

یەكێك لە سیما دیارەكانی هەرێمی كوردستان، ڕەنگدانەوەی پێكەوەژیانی باوەڕە جیاوازەكانە، بۆیە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەتى هەیە بۆ پێكەوەژیانی ئایینی. لەبارەی هەوڵ و كاری حكومەت بۆ برەودانی زیاتر بۆ ئەو مەبەستە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی گوتی: لە كابینەی نۆیەمی حكومەت، وەزارەتمان چەندین كۆنفرانس و كۆنگرە و سیمیناری جۆراوجۆر و كۆبوونەوەی لە پارێزگاكان ڕێك خستووە، بە شێوەیەك سەرجەم ئایینەكانی كۆ كردووەتەوە و پەنێڵی ئەكادیمی ساز داوە بۆ زانایانی ئایینی كە ڕاسپاردە و ئەنجامی لەسەر پێکەوەژیان هەبووە.

گەشتیاریى ئایینی لە هەرێمی كوردستان

یەكێك لە ئامانجەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشخستن و گەشەسەندنی كەرتی گەشتیارییە و لە هەرێمى کوردستانیش چەندین شوێن و ئاسەوارى ئایینی هەن کە دەكرێت ببنە شوێنی گەشتیاری و بە ڕووی گەشتیاران و هاووڵاتیاندا واڵا بکرێن، بۆیەشە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هۆبەیەكی تازەی سەر بە نووسینگەی وەزیر کردووەتەوە بە ناوی (گەشتیاریی ئایینی). ئەم هۆبەیە سەرقاڵی دیزاینی شوێنە ئایینییەكانە تا بە پاڵپشتیی لایەنی زانستی و كولتووری، نۆژەن بكرێنەوە و بكرێنە ناوەندی گرنگی گەشتیاریی ئایینی و سەردانیكاران و لە هەموو جیهانەوە بتوانن سەردانیان بكەن. هەر ئەم هۆبەیە ڕێبەرێكی گەشتیاری بە زمانەكانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی چاپ کردووە و لە دەروازەی هاتنە ناو شارەكانەوە بەسەر گەشتیاراندا دابەش دەكرێت.