ئەمڕۆ بەشێک لە پارەی مووچەخۆران دەگات

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، "ئەمڕۆ 250 ملیار دینار لەلایەن بانکی ڕەشیدەوە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری". وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران دەکرێت". 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-11-2023، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بانکی ڕەشید رێکارەکانی ناردنی 250 ملیار دیناری بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوکردووە و ئەمڕۆ بڕە پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ".

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "هەردوو بانکی تی بی ئای و رافیدەینیش لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا، رێکارەکانی ناردنی 450 ملیار دیناری دیکەی مووچەی مووچەخۆران تەواودەکەن و دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی".

هاوکات، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێک بۆ ژمارەیەک مامۆستای ئایینی لە هەولێر، رایگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، وەیزی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان قسەمکردووە و بە منی گوت، هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆران دەکرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، 31-10-2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دەبووایە پێش هەفتەیەک 700 ملیار دینارەکە بنێردرایە، ئەگەر هۆکار و بیانوویەکی دیکەی بۆ نەدۆزرێتەوە، دەبێت لەم هەفتەیەدا بگات".

لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ بەغدا، گوتەبێژی حکومەت گوتی: "وەزارەتی دارایی عێراق داوای تەرازووی پێداچوونەوەی سێ مانگیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو. ئەوەی پێویست بوو، بۆیان نێردراوە، بۆیە پێویستی نەدەکرد شاندی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بەغدا".

Fly Erbil Advertisment