یۆئاڤ گاڵانت: سوپای ئیسرائیل لە ناوەڕاستی غەززەیە

یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل.
یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل.

K24-هەولێر:

وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، سوپاکەیان گەیشتووەتە ناوەڕاستی غەززە و بە بزووتنەوەی حەماسیش دەگەن.

رۆژی سێشەممە(7ـی تشرینی دووەمی 2023) یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی لە تەلئەڤیڤ رایگەیاند،"حەماس لەناو دەبەین و هێزەکانمان لە هەموو بەرەیەکی شەڕ ئامادەن، غەززەشی بە گەورەترین شاری تیرۆریستی وەسفکرد.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل زیاتر گوتی:" ئیسرائیل و حەماس هیچ کامیان ناتوانن حوکمی ئەو کەرتەی فەڵەستین بکات دوای کۆتایی هاتنی جەنگ".

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی:"شاری غەززە دەورە دراوە و لەنێویدا ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدرێت، شەڕ راناوەستێت، رێگەش نادەین سووتەمەنی بچێتە نێو غەززە بێ ئازادکردنی بارمتەکانمان".

یارون فینکلمان، فەرماندەی باشووری سوپای ئیسرائیل لە نزیک سنووری کەرتی غەززە بۆ رۆژنامەنووسان گووتی:"یەکەمجارە سوپای ئیسرائیل لەنێوەڕاستی شاری غەززە شەڕ دەکات".

ئەو فەرماندە سەربازییەی ئیسرائیل زیاتر گوتی:" هەموو رۆژێک و هەموو کاتژمێرێک سوپا، چەکدارەکان دەکوژێت و تۆنێلەکان دەدۆزێتەوە و چەکەکان لەناو دەبات، لەگەڵ ئەوەشدا پێشڕەوی دەکات".

پێشتر ئیسرائیل رایگەیاندبوو، "غەززەیان گەمارۆداوە کە نزیکەی 2.3 ملیۆن فەڵەستینی تێدا دەژیت، لە کاتێکی نزیکشدا حەماس لەناو دەبەین کە مانگێک پێش ئێستا هێرشی سەر ئیسرائیلیان کرد".

شەڕی نێوانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بە هێرشی بزووتەنەوەی حەماس دەستیپێکرد، کە تەلبەندەکانیان بڕی و چوونە نێو ئیسرائیل و 1400 ئیسرائیلیان کوشت کە هەندێکیان خەڵکی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەوەش زیاتر لە 200 کەسیان بە بارمتە گرت.

دوای هێشەکەی حەماس،  ئیسرائیل لەرێگەی هێرشی ئاسمانی  بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە 10 هاووڵاتی سڤیلی فەڵەستینی کوشت کە بەڕێژەی 40% ـی کوژراوەکان منداڵن بەپێی ئاماری بەرپرسانی تەندروستی غەززە.

ئامادەکردنی:کارزان حەیدەر