ئیسرائیل پلانەکانی خۆی بۆ دوای شەڕی غەززە ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر

راوێژکاری باڵای بنیامین ناتانیاهۆ راگەیاند، پلانی وڵاتەکەی بۆ دوای شەڕی غەززە داگیرکاری نییە.

مارک ریگێڤ، راوێژکاری باڵای بنیامین ناتانیاهۆ، بە ئاژانسی "سی ئێن ئێن"ی راگەیاند "پلانی ئیسرائیل بۆ دوای شەڕی غەززە داگیرکردنێکی بەردەوام نییە، ناتانیاهۆ، بەرپرسیارێتی ئەمنیی گشتی، غەززە لە ئەستۆ دەگرێت بۆ ماوەیەکی نادیار دوای جەنگەکە، ئێمە باسمان لە هیچ جۆرە داگیرکارییەکی بەردەوامی کەرتی غەززە نەکردووە".

گوتیشی: "پێموایە دەتوانین لە دوای شەڕی غەززە، چاوەڕوانی شتی باشتر بین، کە بتوانین بەپێی پێویست، چوون وهاتن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئەمنی غەززە بکەین".

ریگێڤ ئاماژەی بەوەشدا، "دەبێت جیاوازی بکەین لەنێوان ئامادەبوونی ئەمنی و کۆنتڕۆڵی سیاسیدا".

راشیگەیاند: "کاتێک ئەم بابەتە تەواو بوو و حەماسمان تێکشکاند، پێویستە توخمێکی نوێی تیرۆر نوێ نەبێتەوە، هیچ سوودێکی ئەم شەڕە نامێنێت ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ چوار گۆشەی یەکەم".

راوێژاکاری باڵای ناتانیاهۆ ئەوەشی خستەڕوو: "پلانی ئێمە دروستکردنی چوارچێوەیەکی نوێیە، کە خەڵکی غەززە بتوانن خۆیان بەڕێوەبەرن، هەروەها پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە هەبێت، و هیوادارین وڵاتانی عەرەبی هاوکار بن بۆ بنیاتنانەوەی غەززەیەکی بێ هێزی سەربازی، لە دوای حەماس".

لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرسا، لە سەرەتادا باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، لە وەڵامدا سوپای ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، پاشان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد، بەپێی دوایین ئامار ژمارەی کوژراوان لە غەززە 10 هەزاری تێپەڕاندووە و به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ته‌ندروستی غه‌ززه‌ 70%ـی قوربانییان لە ژنان، منداڵان و بەساڵاچووانن.

ئا: لاڤین عومەر