واشنتن پۆست: ئەفسەرێکی ئۆکرانیا رۆڵی سەرەکی هەبووە لە تەقاندنەوەی بۆڕییەکانی نۆرد ستریم

پیسبوونی دەریا بە گازی سروشتی بۆرییەکانی نۆرد ستریم
پیسبوونی دەریا بە گازی سروشتی بۆرییەکانی نۆرد ستریم

K24 - هەولێر

لە لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەوانیدا هاتووە، ئەفسەرێکی هێزی تایبەتی ئۆکرانیا رۆڵی سەرەکی لە تێکدانی بۆڕی گازی سروشتی نۆرد ستریم، گێڕاوە کە رووداوەکە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا روویدا.

لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش کە لەلایەن رۆژنامەی واشنتن پۆست و گۆڤاری دێر شپیگڵی ئەڵمانی ئەنجامدراوە، تیشکی خستە سەر "رۆمان چێرڤینسکی" تەمەن 48 ساڵ، کە لە هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئۆکرانیادا خزمەتێکی زۆری کردووە.

رۆژنامە و گۆڤارەکە لە زاری بەرپرسانی ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، بڵاوییان کردووەتەوە، کە ئەو رێکخەری روداوەکە بووە.

رۆژنامەی واشنتن پۆست رایگەیاندووە، ئەو ئەفسەرە سەرپەرشتی لۆجستی و پشتیوانی تیمێکی شەش کەسی کردووە کە بەلەمێکی کەشتیوانی بەکرێ گرتووە بە بەکارهێنانی ناسنامەی ساختە و ئامێری غەواس بۆ چاندنی تەقەمەنی لەسەر دوو بۆرییەکەی نۆرد ستریم.

دواتر سێ لەو چوار بۆرییە گازیەی کە نۆرد ستریم 1 و نۆرد ستریم 2 پێکدەهێنن، تەقییەوە و بەهۆیەوە گاز دزەی کردە ناو دەریای باڵتیک.

رۆژنامەکە بڵاویکردەوە، چێرڤینسکی پلانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دانەناوە و بە تەنیا مامەڵەی نەکردووە، بەڵکو فەرمانی لە بەرپرسانی باڵای ئۆکرانیا وەرگرتووە، رۆمان چێرڤینسکی لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە رەتیکردەوە هیچ رۆڵێکی هەبووبێت لە تەقاندنەوەی بۆڕییەکە.

چێرڤینسکی لە بەیاننامەیەکدا بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆست و گۆڤاری دێر شپیگل گوتی: هەموو ئەو قسە و باسانە سەبارەت بە تێوەگلانی من لە هێرشەکەی سەر نۆرد ستریم، هیچ بنەمایەکی نییە تەنها پڕوپاگەندەی رووسیایە و بڵاوی دەکاتەوە.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، چەندین جار ڕەتیکردەوە وڵاتەکەی دەستی لەو تێکدانەدا هەبێت. بەڵام رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە، کە ئۆپەراسیۆنی نۆرد ستریم بەبێ ئاگاداری زێلینسکی پلانی بۆ دانراوە.

چێرڤینسکی ئێستا لە شاری کیێڤ دادگایی دەکرێت بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی خۆی لەکاتێکدا هەوڵی رازیکردنی فڕۆکەوانێکی رووسی داوە بۆ یاخی بوون.

بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، ئەو دەڵێت: دادگاییکردنەکەی تۆڵەسەندنەوەی سیاسییە بەهۆی رەخنەگرتن لە زێلێنسکی.

بۆرییەكانی نۆرد ستریم 1 و 2 بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی لە روسیاوە بۆ ئەڵمانیا دیزاینكراون، لە 26ی ئەیلولی رابردوودا تەقێنرایەوە، بەمەش ماوەیەكی زۆر هەناردەی گازی سرووشتی روسیا بۆ ئەوروپا وەستا.