لوید ئۆستن: هێزەکانمان هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکان لە سووریا ئەنجامدا
K24 - هەولێر
وەزیری بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر سوپای پاسدارانی ئێران و گروپەکانی هاوپەیمانی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە، ئەمەش لە کاردانەوەی هێرشەکانیانە بۆ سەر سەربازە ئەمەریکییەکان لە عێراق و سووریا.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا رایگەیاندووە، "بە دوو هێرش دامەزراوەیەکی مەشق و راهێنان و خانوویەکی سەلامەتی نزیک لە شارەکانی ئەلبوکەمال و ئەلمەیادینیان کردووەتە ئامانج".
ئاژانسی فۆکس نیوزی ئەمەریکی لەسەر زاری وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، شەش بۆ حەفت چەکدار لەو هێرشەدا کوژراون.
ئۆستن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: جۆ بایدن، هیچ ئەولەویەتێکی گرنگتری نییە لە سەلامەتی سەربازانی ئەمەریکا، هەروەها فەرمانی دەستپێکردنی ئەو هێرشەی دەرکردووە، بۆ ئەوەی روون بێتەوە کە ئەمەریکا بەرگری لە خۆی و سەربازەکانی و بەرژەوەندییەکانی دەکات.
پێشتریش رۆژی یەکشەممە، بەرپرسێکی ئەمەریکی رایگەیاندبوو، ئەمەریکا دوو هێرشی ئاسمانی لە سووریا بۆ سەر گروپەکانی هاوپەیمانی ئێران ئەنجامداوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو دوو هێرشەی ئەمەریکا دامەزراوەی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ بووە، ئەوی دیکەشیان شوێنی هەڵگرتنی چەک بووە.
چوارشەممەی رابردوو، پێنتاگۆن رایگەیاندبوو، "هێزەکانی ئەمەریکا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان هێرشێکیان بۆ سەر دامەزراوەیەک لە رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامداوە".
باسی لەوەشکرد، "هێرشەکانی ئەمەریکا ئەو دامەزراوانەیان کردووەتە ئامانج کە هی سوپای پاسداران و ئەو گرووپانەن کە پشتیوانیان لێدەکەن".
روونیشی کردەوە، "ئەو هێرشە لە وەڵامی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بووە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا".
لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا لانیکەم 46 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا، هەروەها لانیکەم 56 سەربازیان لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا بریندار بوون.