شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل جارێکی دیکە ئۆکرانییەکان ناچار بە کۆچکردن دەکاتەوە
K24 - هەولێر
پەنابەرە ئۆکرانیەکان کە لە ساڵی رابردوودا لە دەست هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان پەنایان بردووەتە بەر ئیسرائیل، بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند، شەڕی نوێی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل وای لێکردوون بڕیار بدەن بگەڕێنەوە بۆ ئۆکرانیا.
تێتیانا کۆشێڤا دوای ئەوەی لە 24ـی شوباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، ماڵەکەی خۆی لە شاری خارکێڤ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەجێهێشت و چووە شاری عەسقەلانی کەنار دەریاکانی ئیسرائیل لە نزیک غەززە.
هاوسەرەکەی تێتیانا لە رابردوودا لە ئیسرائیل کاری کردووە، ئەمەش وای لێکردووە باوەڕی بەوە هەبێت کە کۆچکردن لەگەڵ منداڵەکانی بۆ ئەوێ گەرەنتی ژیانێکی سەلامەتیان بۆ دەکات.
کۆشێڤا یەکێکە لەو هەزاران پەنابەرانەی دیکەی ئۆکرانی کە ناچار بوو جارێکی دیکە لە ترسی شەڕ هەڵبێت، ئەو ژنە تەمەن 39 ساڵە دەڵێت: ئەگەر بشکوژرێم، لانیکەم لە وڵاتی خۆم دەبم.
دوابەدوای هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی، کۆشێڤا 10 رۆژ لە ژێرزەمینێکی شاری خارکێڤ خۆی حەشاردا، دوای پێنج مانگ لە شەڕ، ئەو خێزانە بەرەو ئیسرائیل هەڵاتن و لەوێ ژیانێکی نوێیان لە عەسقەلان دەستپێکرد کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە غەززەوە دوورە.
کاتێک حەماس هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، کۆشێڤا دەڵێت: هەستم کرد دەبێت بڕۆم، ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستەکانم دەستیان بە لەرزین کردووە و هەمان ئەو هەستەی کە پێشتر هەمبوو کاتێک شەڕ لە لە وڵاتەکەمان دەستیپێکرد هاتەوە. دەشڵێت: هەستم بە ترس کرد، تێگەیشتم کە دەبێت بگەڕێمەوە.
خێزانەکە گواسترانەوە بۆ ناوەڕاستی ئیسرائیل و چەند رۆژێک لەوێ مانەوە پێش گەڕانەوەیان بۆ خارکێڤ.
کۆشێڤا باسی لەوەشکرد، "ئێستا کە گەڕامەوە بۆ وڵاتەکەم هەست بە ئارامی دەکەم، کاتێک بەپێ دەڕۆم، دەبینم ئەوە وڵات و زێدی خۆمە و ئاڵاکەمە، هەست بە دڵخۆشی دەکەم".
کیێڤ رایگەیاند، لەدوای هێرشی حەماسەوە نزیکەی چوار هەزار ئۆکرانی ئیسرائیلیان بەجێهێشتووە.
لە کیێڤی پایتەخت، ئانا لیاشکۆ و کچە هەشت ساڵانەکەی بەناوی دیانا لە ئیسرائیل گەڕانەوە، کە لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوودا کۆچیان بۆ ئیسرائیل کردبوو.
ئەو دایکە تەمەن 28 ساڵە دەڵێت، ئەوان لە نزیک ئەو ناوچانەی کیێڤ دەژیان کە لە سەرەتای هێرشەکەدا کەوتبوونە دەست هێزەکانی رووسیا، کە "کارەبا و ئاو و پەیوەندییەکان"یان نەمابوو، بۆیە کچەکەم زۆر ترساوە و بڕیاریداوە بڕوات، ئانا لیاشکۆ لەبەرئەوە بڕیاریدا لەگەڵ کچەکەیدا بچێتە ئیسرائیل، چونکە لەوێ کەسوکاری هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک شەڕ دەستیپێکرد، "تێگەیشتم کە ناتوانم بمێنمەوە"، لیاشکۆ دوای هەفتەیەک بە هاوکاری باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لەگەڵ کچەکەی تەلئەڤیڤی بەجێهێشت، دەشڵێت: ئەمڕۆ خۆی و کچەکەی هەست بە خۆشی دەکەن کە دەگەڕێنەوە لەگەڵ خێزانەکەیاندا یەکبگرنەوە.
لە شوباتی ساڵی 2023 رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا بەدەیان هەزار کەس کوژران و بریندار بوون، بەشێک لەخاکی ئۆکرانیا کەوتە ژێر دەستی رووسیا، زیاتر لە 20 ملیۆن ئۆکرانیش ئاوارەبوون.
لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، کە زیاتر لە 11 هەزار کەس کوژران و نزیکەی 28 هەزار کەسیش بریندار بوون.