شاندێکی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداریی کۆنگرەی جیهانیی میدیا لە ئیمارات دەكات

K24 - هەولێر

شاندێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێـمی کوردستان، لە ئیمارات بەشداری لە كۆنگرەی جیهانیی میدیادا دەكات، کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی دواگۆڕانكاریی و پێشكەوتنەكانی میدیا دەکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی د. جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە ئەبوزەبیی پایتەختی وڵاتی ئیمارات، بەشداری لە كۆنگرەی جیهانیی میدیا دیدارێكی گشتیی بواری میدیای دەکات، کە ساڵانە بە بەشداریی سەدان ناوەند و ئاژانس و دەزگای راگەیاندنی فەرمی و نافەرمی، لە سەرانسەری جیهاندا بەڕێوە دەچێت و دەبێتە سەكۆیەك بۆ پەیوەندیگرتن و گفتوگۆی بواری میدیایی و ئاڵوگۆڕكردنی دواگۆڕانكاری و پێشكەوتنەكانی میدیا.

راشیگەیاند، كۆنگرەی جیهانیی میدیا بۆ ساڵی 2023، لە رێكەوتی 14ی تشرینی دووەم تاوەکوو 16ی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوە دەچێت و پێنج هەزار و 541 نوێنەری جیا و زیاتر لە 200 كۆمپانیای میدیایی جیهان و 170 قسەكەری سەرەكی بەشداری تێدا دەكەن، هەروەها زیاتر لە 30 پانێڵی و كۆڕی سەركردایەتیی میدیایی تێدا بەڕێوە دەچێت. هاوكات 14 هەزار كەسی میدیاكار و دیپلۆمات و پێشەنگانی كاروباری میدیایی لە سەرجەمی جیهانەوە بەشداری تێدا دەكەن.

روونیشیکردەوە، ئەم كۆنگرەیە بۆ ئەمساڵ بابەتەكانی ژینگەپارێزی و داهێنان و تەكنەلۆژیای میدیایی و میدیای وەرزشی و پەروەردە و گەشەپێدان و زیرەكیی دەستكردی وەكوو پرسە سەرەكییەكانی گفتوگۆ بە ئامانج گرتووە.

هەروەها لە كۆنگرەكەدا دەرفەتی گەیاندنی پەیام، روانگە، بەهێزكردنی پەیوەندییە گشتییەكان، هەماهەنگی و هاوكاریی میدیایی، لە پێناو پێشخستنی كاری دەزگا و ئاژانسە میدیاییەكان دەڕەخسێت.

چاوەڕوان دەكرێت لە سێ رۆژی كۆنگرەی ئەمجارەدا، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامی میدیایی حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستە جیاوازەكان و  ئامانجی كۆنگرە بگەیەنێت، لە هەمان كاتیشدا پەیوەندییەكی بەهێزتر لەگەڵ میدیای ناوچەكە و جیهان دروست بكات. هاوكات بەشدارییەكی كارا لە گفتوگۆ و پانێڵە میدیاییەكان لەسەر گەرمترین پرسە میدیاییەكان بكات.