قەرارگەی خاتەمولئەنبیا: ئەمریکا دەبێت مل بۆ حەوت مەرجی ئێران کەچ بکات

گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، جەنگی دژی ئێران پێشوەختە حکوومەتی ئەمریکای تێکشکاندووە، بەڵام واشنتن وەک قومارچییەکی دەستەپاچە دەجووڵێتەوە.

ئەمڕۆ سێشممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بۆ بەرپرسانی ئەمریکا نووسیویەتی: "دەست لەم کارە هەڵبگرن و واز لە دروستکردنی هەواڵی ساختە سەبارەت بە دانوستانی خەیاڵی بهێنن، هەروەها کۆتایی بە نکۆڵیکردن لە نەزمی نوێی رۆژئاوای ئاسیا بهێنن."

زولفەقاری گوتی، کاتی ئەوە هاتووە مل بۆ ئەو 7 مەرجە کەچ بکەن کە ئێران چەندبارە رایگەیاندوون.

دوێنێ دووشەممە، محەممەد بن عەبدولرەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر سەردانی کۆشکی سپیی کرد و لەگەڵ ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و گفتوگۆکانی تایبەت بە راگرتنی جەنگی بە ئەرێنی وەسف کرد.

لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاشکرایکرد، پێشنیازێکی نوێی ئەمریکی - قەتەری هەیە کە کرانەوەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران لەخۆدەگرێت. پێشنیازەکە هەروەها گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ ئێران و ئازادکردنی سامانی بەستراوی تاران بە بڕی 6 بۆ 9 ملیار دۆلار لە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەخۆدەگرێت.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیش، پێشنیازەکە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم و رێگەپێدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆی ئێران بە رێژەی 3.67%ـی بەدوور نەزانی.

لەناو ئەو حەوت مەرجەی تاران پابەندە پێیانەوە، راگرتنی جەنگ لە سەرجەم بەرەکان، هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر بەندەرەکانی و ئازادکردنی سامانی بەستراوی لە دەرەوەی وڵات دەبینرێن.