حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان مەرجی هەیە
K24 - هەولێر
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە سەرچاوە نزیکەکانی حەماسەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە حەماس مەرجی داناوە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان ئەویش ناردنی حەفت هەزار بارهەڵگری هاوکاری و سووتەمەنییە بۆ کەرتی غەززە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکرد، حەماس داوادەکات 35 ژنی بارمتە ئازاد بکات بەرانبەر بە 35 ژنی ئەمنی فەڵەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل زیندانیکراون، هەروەها ئامادەیە بارمتە بیانییەکان ئازاد بکات بەرانبەر بە 140 هاووڵاتی فەڵەستینی سڤیل، ئەوانەی کە پەیوەندییان بەچالاکی چەکدارییەوە نییە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ بە "ئێن بی سی" ئەمەریکی راگەیاند، رەنگە لەگەڵ حەماس بگەینە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.
گوتیشی: دەرفەتەکان زیاتر بووە، بۆیە لێکۆڵینەوە دەکەین و کەم قسە لەسەر ئەو بابەتە دەکەم.
سوپای ئیسرائیل مەزەندە دەکات، نزیکەی 240 کەس بە بارمتە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە گیرابن، هەر بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، لانی کەم 30 کەسیان تەمەن بچوکن کە منداڵیش لە نێوانییاندایە.
لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، کە زیاتر لە 11 هەزار کەس کوژران و نزیکەی 28 هەزار کەسیش بریندار بوون.