رۆیته‌رز: له 24 كاتژمێری رابردوو چوار جار بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا بۆردومان كراون
K24 – هەولێر:
به‌رپرسێكی سوپای ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا، چوارجار به درۆن و مووشه‌ك هێرشكراوه‌ته‌سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له باكووری سووریا.
ئه‌و به‌رپرسه ئه‌مه‌ریكییه به ئاژانسی رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه، به‌هۆی ئه‌و بۆردومانانه‌وه، زیانێكی كه‌م به ژێرخانی بنكه سه‌ربازییه‌كان كه‌وتووه و زیانی گیانیش تۆمارنه‌كراوه.
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆش لوید ئۆستن وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، له‌كاتژمێره زووه‌كانی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بنكه سه‌ربازییه‌كانی سوپای پاسداران و میلیشیاكانی نزیك له ئێرانی له رۆژهه‌ڵاتی سووریا كردووهتهئامانج.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، به‌هۆی هێرشه‌كانی ئه‌مڕۆی ئه‌مه‌ریكا بۆسه‌ر بنكه و باره‌گا سه‌ربازییه‌كانی پاسداران و میلیشیاكانی نزیك له ئێران، هه‌شت چه‌كداری كوژراون.
به‌هۆی پشتگیری ئه‌مه‌ریكا له جه‌نگی ئیسرائیل – حه‌ماس و ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵكوژی له غه‌ززه، ژماره‌یه‌ك گرووپ و میلیشیانی عێراقی چه‌ندینجار بنكه و پێگه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكایان له سووریا و عێراق له رێگه‌ی درۆن و مووشه‌كه‌وه بۆردومان كردووه.