رووسیا و ئێران داوای دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دیپلۆماسی لە کەنداو دەکەن

مۆسکۆ ئامادەییی خۆی بۆ بەشداریکردن لە چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەی کەنداو بە تاران راگەیاند، هاوکات ئێران لە رێگەی دیپلۆماسی داوای گەڕانەوەی ئاشتی بۆ ناوچەکە دەکات. 

سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە میانەی راوێژکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە مۆسکۆ، رووسیا ئامادەییی خۆی بۆ بەشداریکردن لە چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەی کەنداو دەربڕیوە.

ئەو هەڵوێستەی رووسیا لە دوای کۆبوونەوەی ئەلێکساندەر کینشاک، بەڕێوەبەری فەرمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەگەڵ محەمەد عەلی بەک، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کەنداو لە وەزارەتەکە هاتووە.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ ئامادەیە لەسەر بنەمای ئەو پێشنیارانەی لە وەشانی نوێکراوی دۆخی گەرەنتیکردنی ئاسایشی بەکۆمەڵ لە ناوچەی کەنداو هاتووە، مانگی ئایاری رابردوو بڵاوکراوەتەوە، بەشداریی ئەو پڕۆسەیە بکات.

هاوکات مۆسکۆ و تاران جەختدەکەنەوە سەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی سیاسی و دیپلۆماسی لە ناوچەی کەنداو.

راگەیاندنی ئەم هەڵوێستە لە لایەن رووسیا و ئێران لە دوای ئەوە هات،  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا سەرنجی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران و ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی و رایگەیاند، کێشەی سەرەکیی ئەمریکا دیاریکردنی ئەو لایەنە باوەڕپێکراوەیە لە نێو ئێراندا کە دەکرێت گفتوگۆی راستەقینەی لەگەڵدا بکرێت.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هێرشێکی سەربازیی یەکلاکەرەوە لە ئێران نەدراوە لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتە خۆی خوازیاری ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستانە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئێرانییەکان بەردەوامن لە قسەکردن دەربارەی دیالۆگ، بەڵام هاوکات هۆشداریی دا کە ئەم دۆخە تا سەر بەم شێوەیە نامێنێتەوە و گوتی:"لەوانەیە لە قۆناخێکی دیاریکراودا ئەمریکا ناچار بێت پەنا بۆ هێزی سەربازی ببات بۆ ئەوەی بە یەکجاری کۆتایی بە کێشەی ئەتۆمیی ئێران بهێنێت."