فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا دوورگەی قشمیان بۆردومان کرد
سوپای ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی سنوورداری کردە سەر دوورگەی قشمی ئێران لە گەرووی هورمز. ئەم هێرشە لە وەڵامی ئەوەدا بوو کە هێزەکانی سەر بە سوپای پاسداران مووشەکێکیان ئاراستەی فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکی کردبوو، لە بەرامبەردا فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی سەکۆیەکی هاویشتنی مووشەکی لەسەر دوورگەکە تێکشکاند.
بەرپرسانی ئەمریکی لە لێدوانیاندا بۆ فۆکس نیوز و سی ئێن ئێن و ئاکسیۆس جەختیانکردەوە: "هێرشەکان تەنیا رێکارێکی بەرگری بوون و بە مەبەستی رێگریکردن بووە لە بەئامانجگرتنی کەرەستە سەربازییەکانمان". ئەوان روونیکردەوە، ئەم کردەوانە سەرەتایەک نین بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان و واشنتن بە ئەنقەست هەواڵەکەی رانەگەیاند تا بە دەستپێکی هەڵمەتێکی نوێ لێک نەدرێتەوە.
هاوکات ئێن بی سی نیوز بڵاویکردەوە، بەرپرسان ئەم هێرشەیان بەستووەتەوە بە هەوڵەکانی چەند هەفتەی رابردووی ئێران بۆ کردنەئامانجی کەشتی و درۆن و فڕۆکەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز.
لە بەرامبەردا ئاژانسە فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دەنگی پێنج تەقینەوەی یەکبەدوای یەک لە دەوروبەری قشم و دەریای بەندەری لنگە بیستراوە و هاووڵاتییان ئاماژەیان بە بینینی فڕۆکە لە ئاسمانی ناوچەکەدا کردووە.
سوپای پاسداران رایگەیاند، لە رێگەی سیستەمی شەڕی ئەلیکترۆنییەوە دوو درۆنی سیخوڕیی ئەمریکی لە جۆری ئێم کیو ئێم-170 لە باشووری قشم کۆنترۆڵ کردووە و خستوونیەتە خوارەوە. هەروەها لە بەیاننامەیەکی نوێدا بانگەشەی تێکشکاندنی درۆنێکی تری لە جۆری ئێم کیو-9 لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز کرد، ئەوەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەک راگەیەندراو کە تیایدا باس لە خستنەخوارەوەی دەیان درۆنی ئەمریکی دەکەن لە سەرەتای گرژییەکانەوە.