حەماس: ئامادەین 70 ژن و منداڵ ئازاد بکەین
K24 - هەولێر
کەتیبەکانی قەسام باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، قەتەرییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە، کە ئامادەن 50 تا 70 ژن و منداڵی بارمتەکان ئازاد بکەن، کە لە کەرتی غەززە دەستبەسەرن.
گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، ئەبو عوبێدە، ئاماژەی بەوەکرد، داوای ئازادکردنی 200 منداڵ و 75 ئافرەتی فەڵەستینی کردووە، کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا زیندانیکراون، هەروەها پێنج رۆژیش ئاگربەست رابگەیەندرێت و رێگە بدرێت هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە هەموو شوێنەکانی کەرتی غەززە.
گوتیشی: ئەگەر لایەنی ئیسرائیل دوابکەوێت لە رازی بوون بەو مەرجانە، بەرپرسیارەتی ژیانی بارمتەکانی لە ئەستۆی ئەوە.
باسی لەوەشکرد، لەشەڕی باکووری کەرتی غەززە، چەکدارەکانی حەماس 20 تانک و زرێپۆشی ئیسرائیلیان لەناو بردووە.
گوتەبێژەکەی حەماس دەشڵێت: بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل سەربازێکی ژنی ئیسرائیلی کوژرا. پێشتریش ئەبو عوبەیدە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی رایگەیاندبوو، لە ئەنجامی بۆردومانەکەی ئیسرائیل نزیکەی 60 دەستگیرکراو لە غەززە کوژراون، ئاماژەی بەوەدا کە هێشتا تەرمی هەندێکیان لە ژێر داروپەردوودا ماون و بەهۆی بەردەوام بوونی بۆردومانە چڕەکانی ئەو وڵاتە.
لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون، زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکران.
لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، ئیسرائیل هێرشی بەردەوامی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە 11 هەزار کەس کوژران، کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنی بوون، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەروەها زیاتر لە 27 هەزار کەسیش برینداربوون..