لە ئەمەریکا بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە واژۆ کۆدەکرێنەوە
K24 - هەولێر
لە دژی سیاسەتەکانی بەرانبەر بە ئیسرائیل دژ بە غەززە، زیاتر لە 400 سیاسەتمەدار و کارمەندی ئەمهریکا نامەیەکی ناڕەزایەتییان ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمهریکا کرد.
بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمهریکی، زیاتر لە 400 سیاسەتمەدار و کارمەندی 40 دامەزراوە و ئاژانسی حکومی لە نامەیەکدا ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بە پشتیوانییەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمهریکا بۆ ئیسرائیل لە شەڕی کەرتی غەززە دەربڕیوە.
لە نامەکەدا، سیاسەتمەدار و کارمەندەکان داوای دەستبەجێ راگەیاندنی ئاگربەست و کردنەوەی رێڕەوی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەکەن.
لە نامەکەدا هاتووە، ئەو کەسانەی واژوویان کردووە سەرکۆنەی رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر دەکەن و داواش لە جۆ بایدن کراوە ئەو خوێنڕێژییەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامدەدرێت بوەستێنێت.
پێشتر سێ نامەی ناڕەزایەتی، کە دەیان کارمەندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا و زیاتر لە هەزار کارمەندی ئاژانسی ئەمهریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی واژووکرابوو ئاراستەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا کرابوو.
زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دەستگیرکراون.
ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 28 هەزاری دیکەش بریندارن.
هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە حهوتی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەیی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیراون و 21 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.
ئا: لاڤین عومەر