محەممەد حەلبووسی: دادگای فیدراڵی بەمجۆرە بڕیارانە رێز لە دەستوور ناگرێت

محەمەد حەلبووسی
محەمەد حەلبووسی

K24 – هەولێر:

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە رایگەیاند، بڕیاڕی دادگای فیدراڵی جێگەی سەرسوڕمانە و، هەروەها دادگای فیدراڵی بەمجۆرە بڕیارانە رێز لە دەستوور ناگرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) بە بڕیاڕی داگای فیدراڵی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، هاوکات لەوبارەیەوە محەممەد حەلبووسی رایگەیاند، کەسانێک هەن هەوڵی پارچەپارچەکردنی پێکهاتە سیاسییەکانی کۆمەڵگە دەدەن.

حەلبووسی راشیگەیاند، بڕیاڕی دادگای فیدراڵی جێگەی سەرسوڕمانە. گوتیشی: هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، دادگای فیدراڵی بەمجۆرە بڕیارانە رێز لە دەستوور ناگرێت.

محەممەد حەلبووسی، دەڵێت: نازانین ئەمجۆرە بڕیارانەی دادگای فیدراڵی لەکوێوە ئاراستە دەکرێن. جەختیشی لەوەکردەوە، رێوشوێنی یاسایی بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکان دەگرینەبەر.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئۆپۆزسیۆن بووە هۆی رووخانی یەک لەسەر سێی پارێزگاکانی عێراق.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەرکرد.

هەروەها دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی پەرلەمانتار لەیث مستەفا حەممودیشی دا.

محەممەد حەلبووسی لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە؛ هاوکات سەرۆکی حیزبی تەقەدوومە. پێشتر و بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ی ئابی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی کردە پارێزگار.