دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی؛ حزبی سیادە داوای کۆبوونەوەی سەرکردە سوننەکان دەکات

K24 – هەولێر:
لە راگەیەندراوێکی کورتدا، حزبی سیادە کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات، داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی سەرکردە و نوێنەرانی ناوچە سوننەکان دەکات بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ درووخستنەوەی حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق.
رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) حزبی سیادە رایگەیاندووە، "سەرکردایەتی سیادە بەدواداچوونی بۆ بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی کردووە".
حزبی سیادە رێزگرتنی لە بڕیارەکانی دادگا راگەیاندووە و داواشی لە سەرکردە و نوێنەرانی "ناوچە ئازادکراوەکان" کە مەبەست لێی ناوچە سوننەنشینەکانە، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدەن بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو.
دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.
لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.
هاوکات محەممەد حەلبووسی جەختی کردەوە هەموو رێکارە دەستووریی و یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستی مافە دەستوورییەکانی و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیشی بە رێزنەگرتن لە دەستوور وەسف کرد.
هاوپەیمانی سیادە کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات، لە هاوپەیمانی هەردوو حزبی تەقەدووم و سیادە پێکهاتووە و خاوەنی 63 کورسیین لە پەرلەمانی عێراق، وەک بەشێک لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی سوننەکانە، لەلایەن هاوپەیمانی سیادەوە، محەممەد حەلبووسی بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان کرا.
حەلبووسی بۆ خولی دووەمە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەکات، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی 2018، وەک نوێنەری سوننەکان، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقی وەرگرت و دوای ئەویش لە 2021 جارێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرایەوە.