ژمارەی كوژراوانی غەززە 11 هەزار و 320 کەسی تێپەڕاند

K24 – هەولێر:
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی راگه‌یاندنی حكومه‌ته‌كه‌ی فه‌ڵه‌ستین له غه‌ززه، ژمارەی كوژراوانی غەززە بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 11 هەزار و 320 کەسی تێپەڕاند، لەو ژمارەیە چوار هەزار و 650 کەسیان منداڵ و سێ هەزار و 145 کەسیان ژنن.
نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی فەڵەستین لە غەززە، لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ئه‌مڕۆ 14ـی تشرینی دووه‌می 2023 راگەیه‌ندراوێکی بڵاوکردەوە.
بە پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، تاكو ئێستا 198 کارمەندی تەندروستی، 22 ئەندامی تیمەکانی فریاکەوتن و 51 رۆژنامەنووس كوژراون.
بە پێی ئاماره‌كان، 29 هەزار و 200 کەسیش بە هۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه برینداربوون و یەک ملیۆن و 500 هەزار کەسیش ئاوارەبوون.
هەروەها زانیاری لەبارەی سێ هەزار و 600 کەسیش بەردەست نییە و لەم ژمارەیە هەزار و 755 کەسیان منداڵن.
لە راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی حکومەتی غەززەدا هاتووە، 25 نەخۆشخانە و 52 ناوەندی تەندروستیش کەوتوونە بەر پەلامارەکان و خزمەتگوزارییان تێدا وەستاوە و 55 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیش لە کار کەوتوون.
حكومه‌ته‌كه‌ی غه‌ززه ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، نەخۆشخانەی شیفا بە هۆی نەبوونی سووتەمەنی و کارەباوە ژوورە نەشتەرگەریی و خزمەتگوزارییەکانی لە کارکەوتوون و هاوکات لە لایەن سوپای ئیسرائیلیشەوە گەمارۆ دراوە.
لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، کە به‌هۆیه‌وه زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون، زیاتر لە 240 کەسیش لای حه‌ماس بە بارمتە دەستگیرکراون، وه‌ك كاردانه‌وه بۆ ئه‌و هێرشه، ئیسرائیل هێرشێكی فراوانی ده‌ستپێكرد، كه تاكو ئێستاش به‌رده‌وامه.