ئەمەریکا و بەریتانیا جارێکی دیکە سزایان خستە سەر حەماس
K24 - هەولێر
بۆ سێیەم جار دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس، ئەمەریکا و بەریتانیا سزا دەخەنە سەر بزووتنەوەی حەماس و گرووپی جیهادی ئیسلامی.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، لەدوای هێرشەکەی 07ـی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل، بۆ سێیەم جار سزایان خستووەتە سەر ژمارەیەک بەرپرسی باڵای بزووتنەوەی حەماس و ئەو میکانیزمانەی تێیدا ئێران هاوکارییەکان بۆ بزووتنەوەکە و گرووپی جیهادی ئیسلامی دابین دەکات.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای دەکات، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەریتانیا سزایان خستووەتە سەر دوو گرووپە چەکدارییەکەی فەڵەستین، کە ئێران لەڕێگەی سوپای پاسدارانەوە پارە و چەکیان بۆ تەرخان دەکات و راهێنانیان پێ دەکات.
کەسێک بە ناوی "ناسر ئەبو شەریف" ناوی لە لیستی سزاکان هاتووە کە نوێنەری جیهادی ئیسلامییە بۆ ئێران و شوێنێکی ئاڵوگۆڕی دراو لە لوبنان ناوی لە لیستی سزاکاندا هاتووە، کە کاری گواستنەوەی پارەی لە نێوان حەماس و ئێران کردووە. بە گوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، سامانی حەماس دەگاتە سەدان ملیۆن دۆلار.
زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دەستگیرکراون.
ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.
هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 07ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.