سکاڵایەکی دیکە دژی حەلبووسی تۆمار دەکرێت
K24 - هەولێر
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سكاڵایەكی دیکە لەسەر محەممەد حەلبووسی تۆمار دەكات، ئەوەش بەهۆی دامەزراندنی شەش كەس بە راوێژكار كە مەرجە یاساییەكانیان تێدا نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15 تشرینی دووەمی 2023، باسم خەشان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بە نیازە سكاڵایەكی نوێ لە دادگای باڵای فیدراڵی لە دژی محەممەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی لەكار لادراو، تۆمار بكات، لەبارەی بڕیاری دانانی شەش راوێژكار كە مەرجە یاساییەكانیان تێدا نەبووە.
خەشان راشیگەیاند: "ئەو بڕیارەی دادگا لەجێی خۆیەتی، چونکە حەلبووسی دەستووری پێشێل کردووە، بۆیە ئەمڕۆ سکاڵایەکی دیکە لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار دەکەم".
رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.
لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.
هاوکات محەممەد حەلبووسی جەختی کردەوە هەموو رێکارە دەستووریی و یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستی مافە دەستوورییەکانی و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیشی بە رێزنەگرتن لە دەستوور وەسف کرد.
ئا: لاڤین عومەر