لە بەغدا حەوت کەس بە تۆمەتی دڕاندنی پۆستەری کاندیدەکان دەسگیر دەکرێن

K24 - هەولێر

پۆلیسی فیداراڵی عێراق لە بەغدا حەوت کەسی بە تۆمەتی دڕاندنی پۆستەری کاندیدەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەسگیر کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە پۆلیسی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، حەوت کەسیان بە تۆمەتی دڕاندنی پۆستەری کاندیدەکان، لە باکووری بەغدا، دەسگیر کردووە.

گوتیشی: "لە ئێستادا تۆمەتباران رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان لە دژیان".

لەگەڵ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە چەند شار و شارۆچکەیەک پۆستەری کاندیدەکان دڕێنراون، لە شارەکانی عێراقیش چەند لایەنێک، لایەنگرانی سەدر بە دڕاندنی پۆستەری کاندیدەکان تۆمەتبار دەکەن.

هەروەها لە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، زیاتر لە 200 پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان دڕاون و شێوێندراون، هەڵمەتی دڕاندنی پۆستەرەکان لەو شارە زیاتر کاندیدەکانی پارتی گرتووەتەوە.

زۆربوونی شێواندنی پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان وایکرد کە ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، بڕیار بنێریت بۆ لایەنە ئەمنییەکانی کەرکووک کە هەر کەسێک ئەگەر هاتوو وێنە و پۆستەری کاندیدەکان بدڕێنێت دەستگیری بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکان کەسیان دەستگیرنەکردووە.

ئا: لاڤین عومەر