لەریزبەندی گەندەڵترین وڵاتانی جیهان عێراق پلەی 23یەمی گرتووە
K24 - هەولێر
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی 2024، لە کۆی 30 وڵات کە بەگەندەڵترین وڵاتانی جیهان دیاریکراون، عێراق لە پلەی 23یەمدایە.
لە راپۆرتێکی گۆڤاری "ceoworld" ئەمەریکیدا هاتووە، "گەندەڵی وەک تەحەددایەکی هەمیشەیی لە سەرانسەری جیهاندا ماوەتەوە کە کۆمەڵگاکان پیس دەکات"، ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتێکدا بەدواداچوون بۆ ئەم ناوچە کێشەدارانە دەکەین، ئەوە روون دەبێتەوە کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە زیاترە لەوەی تەنها رێوشوێنی سزا بگیرێتە بەر، هەروەها پێویستی بە گۆڕانکاری سیستماتیکی و سەرکردایەتی ئەخلاقی و بەهێزکردنی کۆمەڵگاکان هەیە".
گۆڤارەکە روونیشیکردەوە، ئەو وڵاتانەی زۆرترین رێژەی گەندەڵییان تێدایە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی 2024، سۆماڵ پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، هەروەها وەک یەکێک لە هەژارترین وڵاتەکانی جیهان لە پێشەنگی لیستەکەدایە، کە بەرهەمی ناوخۆیی تاکەکەسی 544 دۆلارە، لە دوای ئەویش سووریا دێت، کە بەرهەمی ناوخۆیی سەرتاسەری تاکەکەسی 533 دۆلارە و سوودانی باشوور پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە و بەرهەمی ناوخۆیی سەرتاسەری تاکەکەسی 326 دۆلارە.
ڤەنزوێلا کە دەوڵەمەندە بە نەوت، پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە کە بەرهەمی گشتی ناوخۆیی بۆ هەر تاکێک 3052 دۆلارە، گەندەڵی لەناو حکومەتی ڤەنزوێلا بووەتە هۆی نائارامی سیاسی.
سوودان لە پلەی19مدایە و ئاستێکی بەرزی بەرتیلدان لە دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسادا هەیە، هەروەها عێراقیش پلەی 23می گرتووە، لوبنانیش لە پلەی 28مدایە، بەیروتیش رووبەڕووی خراپترین قەیرانی دارایی بووەتەوە، لە ئەنجامی گەندەڵی سیستەمی بانکیدا.
بەگوێرەی گۆڤارە ئەمەریکی، گواتیمالا و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست لە گەندەڵیدا لە کۆتایی لیستەکەدان.