ناتانیاهۆ وەڵامی ئەردۆغان دەداتەوە
"ئەردۆغان پاڵپشتی لە تیرۆر دەکات"
K24 – هەولێر
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وەڵامی سەرۆککۆماری تورکیا دەداتەوە و دەڵێت: ئەردۆغان پاڵپشتی لە تیرۆر دەکات.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: "ئەردۆغان ئیسرائیل بە تیرۆرزم و لە ناوبردنی فەڵەستینییەکان ناو دەبات، لە کاتێکدا خۆی پاڵپشتی لە تیرۆرزم و حەماس دەکات و گوندەکانی وڵاتەکەی بۆردومان دەکات، ئێمەش ئەوەی لێ قبوڵ ناکەین".
دوێنێ لەمیانەی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی داد و گەشەپێدان پەرلەمانی تورکیا، ئەردۆغان گوتی: " ئیسرائیل ستراتیجی لەناوبردنی تەواوی شارێک بە خەڵکەکەی جێبەجێ دەکات، بە دڵێکی ئارام و بە ئاشکرا دەڵێم کە ئیسرائیل دەوڵەتێکی تیرۆرە، ئێمە ناڵێین حەماس بزووتنەوەیەکی تیرۆرستییە، بەڵکو بزووتنەوەیەکی نیشتمانییە".
گوتیشی: "ئەگەر ئیسرائیل بەم شێوەیە بەردەوام بێت لەسەر کۆمەڵکوژییەکانی، لە هەموو شوێنێکی جیهان ناوی تۆمار دەکرێت کە دەوڵەتێکی تیرۆریستیی نەفرەت لێکراوە".
زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فهڵهستینی بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراو و زیاتر له ههزار برینداریشی لێ كهوتهوه، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دهستبهسهر كراون.
ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.
هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.
ئا: لاڤین عومەر
