بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە چین 11 کەس گیانیان لەدەستدا و بەدەیانی دیکەش برینداربوون

شوێنی رووداوەکە
شوێنی رووداوەکە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی چین، ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی پارێزگای شانشی لە باکووری چین، 11 کەس گیانیان لەدەستدا و 51 کەسی دیکەش برینداربوون.

کەناڵی" سی سی تی ڤی" سەر بەحکومەت رایگەیاندووە، "11 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ژمارەی وردی قوربانییەکان هێشتا لەژێر هەڵسەنگاندندایە"، ئاماژەی بەوەشکردووە "63 کەس لە باڵەخانەکە گواستراونەتەوە، کە 51 کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون".

کەناڵەکە لە زاری دەسەڵاتدارانی ناوخۆییەوە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاگرەکە لە باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی سەر بە کۆمپانیای خەڵوزی یۆنگجو لە ناوچەی لیشی لە شاری لولیانگ کەوتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو 51 بریندارە بۆ نەخۆشخانەی لولیانگ گواستراونەتەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر".

کەناڵەکە پشتڕاستیکردەوە، کە "هێشتا ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردن بەردەوامن و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە بۆ دیاریکردنی هۆکاری ئاگرەکە".

رووداوی پیشەسازییەکان لە چین باون بەهۆی جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی سەلامەتی ستاندارد.

لە مانگی تەمموزدا بەهۆی داڕمانی سەقفی هۆڵێکی وەرزشی لە قوتابخانەیەک لە باکووری رۆژهەڵاتی چین، 11 کەس گیانیان لەدەستدا.

لە مانگی ئۆکتۆبەریش تەقینەوەیەک لە چێشتخانەیەکی باکووری رۆژئاوای چین روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 31 کەس، دوای ئەو رووداوە، دەسەڵاتداران بەڵێنیان دا کە هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ بەرزکردنەوەی سەلامەتی لە شوێنی کاردا جێبەجێ بکەن.