لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی قۆناغی دووەمی گەڕانەوەی ئاوارەکانی نەینەوا جێبەجێکرا
K24 - هەولێر
لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی قۆناغی دووەمی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سنووری نەینەوا جێبەجێکرا و 280 خێزانی دیکەی سنووری زوومار گەڕانەوە زێدی باب و باپیرانیان.
ئاوارەکانی گوندی شێخانی سنوری زوومار، دوای 10 ساڵ لە ئاوارەیی؛ لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی، بە زێدی خۆیان شادبوونەوە. دڵخۆشییەکەیان وێنا ناکرێت، کە دەگەنە سەر خانووەکانیان، شکورانە دەکەن و سوجدە دەبەن.
عەبد حەواس خەڵکی گوندەکەیە، دوای 10 ساڵ گەڕایەوە سەر خانووەکەی و دەڵێت، "سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەکەین کە وەکو باوکە بۆمان. گوندەکەمان وێران بووە، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە تا ئێستا بەپێی پێویست هاوکاری کردووین، بەڵام داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین خزمەتگوزاریی زیاتر بگەیەنێتە گوندەکە و قەرەبوومان بکاتەوە، بۆ ئەوەی دەست بە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە بکەین".
ژمارەی دانیشتووانی گوندەکە 280 خێزانە و لە هۆزی شەرابین. گوندەکە رادەستی سەرۆک هۆز کرایەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی بۆ کردوون، بەڵام داوا لە حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن دەستی ئاوەدانییان بۆ درێژ بکەن.
سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا ئاماژە بەوە دەدات، هەوڵددەدەن لە ئاییندەیەکی نزیکدا هەموو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەکو ئاو و کارەبا بۆ خەڵکی گوندەکە دابین بکەن، چونکە زستان نزیکبووەتەوە و خەڵکی گوندەکە پێویستی بەو خزمەتگوزارییانە هەیە بۆ ئەوەی بتوانن لێی بژین.
زیاتر لە 660 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەژین، 41%یان لە هەولێرن، 40% لە دهۆک و 19%ـیشیان لە سلێمانین. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 25 کەمپی ئاوارە و پەنابەران هەن و خەرجی ساڵانەیان زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلارە.
لە ساڵى 2014 چەکدارانى رێکخراوى تیرۆریستیی داعش ناحیەی زوومار و زۆرینەى ناوچەکانى سنوورى پارێزگاى نەینەوایان کۆنتڕۆڵ کرد. رۆژی دووشەممە، 25-10-2014، هێزەکانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی ناحیەی زووماریان لەژێر دەستی داعش رزگارکرد. دواتر پارێزگای نەینەوا لە ناوەڕاستی ساڵى 2017 بە تەواوى لەژێر دەستی داعش رزگارکرا.