هاوسەری ناتانیاهۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسی ژنێکی دووگیانی بارمتە دەکات

K24 – هەولێر

هاوسەری سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوسەری سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێ: لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر، ژنێکی دووگیانی بارمتە لە لای چەکدارانی حەماس منداڵی بووە.

سارە ناتانیاهۆ، هاوسەری سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆی لەگەڵ هاوسەری سەرۆکی ئەمەریکا جیل بایدن کردووە، وێرای باسکردن لە دۆخی وڵاتەکەی بەهۆی شەڕی غەززە، گوتویەتی: "لەنێو بارمتەکانی هێرشی 7ی ئۆکتۆبەر، ئافرەتێکی دووگیان هەیە و لای حەماس منداڵی بووە، دەتوانی بیهێنیتە بەرچاوت وەکو من، چی لە مێشکی حەماسدا هەیە و چی دەگوزەرێت؟، نابێت واز لە ئافرەتە گەنجەکە بێنیت کە بە بارمتە گیراوە".

راشێگەیاندووە: "دەبێت هەرچی زووترە هەوڵی ئازادکردنی هەموو بارمتەکان بدرێت".

هاوسەری بنیامین ناتانیاهۆ، ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لەنێو بارمتەکاندا منداڵێک هەیە تەمەنی 10 مانگە، پێش ئەوەی فێری رۆشتن و قسەکردن بێت، رفێندراوە".

زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فه‌ڵه‌ستینی بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراو و زیاتر له‌ هه‌زار برینداریشی لێ كه‌وته‌وه‌، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.

هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.

ئا: لاڤین عومەر