وڵاتێک هەوڵدەدات توێژەرە ئیسرائیلیەکە لە عێراق رزگار بکات
K24 - هەولێر
بەپێی راپۆرتێکی میدیایی کە رۆژی چوارشەممە بڵاکراوەتەوە، ژمارەیەک سەرچاوە رایانگەیاندووە، وڵاتێکی هەرێمی لە هەوڵی رزگارکردنی ئیلیزابێس تسورکۆڤ، توێژەری ئیسرائیلی – رووسی دایە، کە لە کۆتایەکانی مانگی ئازاری ئەمساڵ لە عێراق رفێندرا.
ئەو سەرچاوانەی کە قسەیان بۆ پێگەی ئەمواج میدیا کردووە، ناوی ئەو وڵاتە هەرێمیەیان نەهێناوە کە ئێستا لە دانووستاندایە لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارەی عێراق کە گومان دەکرێت سەر بە میلیشیاکانی عێراق بن و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی ناسرا و بە (مۆساد) تسورکۆڤ دەستبەسەر کردبێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی ئەو توێژەرە، کە سەر بە زانکۆی پرینستنی ئەمەریکییە، چەندین مانگە دەستیپێکردووە لەگەڵ گرووپە بەهێزەکانی نێو میلیشیاکانی سەر بە ئێران".
ئەو راپۆرتە میدیاییە لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەمەی رابردوو تسورکۆڤ لە ڤیدیۆیەکی چوار خولەکیدا کە میدیاییەکی سەر بە لایەنە شیعەکان بڵاویکردوەتەوە، ئەو توێژەرە دەردەکەوێت و باس لە کۆمەڵێک بابەتە دەکات، لەوانە جەنگی غەززە و بابەتی ئازادکردنی بارمتەکان.
سەرکۆڤ کە لە ڤیدۆیەکدا بە زمانی عیبری دەدوێت و ژێرنووسی عەرەبی بۆ قسەکانی کراوە، داوا لە خێزانی بارمتە ئیسرائیلیەکان دەکات کە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە و فشار دروستبکەن بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی دەستی حەماس تەنها لە "رێگەی کۆتایی پێهێنان بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززەوە بە دەستدێت".
بە گوێرەی راپۆرتەکە "بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەکە لەم کاتەدا، نیشاندەری خواستی گرووپە میلیشیایەکانە بۆ ئەوەی ببن بە بەشێک لەو هەوڵە هەرێمەی کە لە ئێستادا هەیە بۆ ئازادکردنی زیاتر لە 200 بارمتەی ئیسرائیلی لە دەستی حەماس، کە لە هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەردا لە کاتی هێرش چەکدارە فەڵەستینیەکان بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی جوولەکە نشین لە باشووری ئیسرائیل دەستبەسەر کراون.