کوێستان محەممەد: لە هەندێک داینگە پارەیەکی زۆر لە دایک و باوکان وەردەگیرێت
K24 – هەولێر
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە هەندێک داینگە پارەی زۆر لە دایک و باوکان وەرگیراوە، لە هەوڵدان لەمەودا خۆیان سەرپەرشتی داینگەکان بکەن، بۆن ئەوەی چارەسەری ئەو گرفتانە بکەن.
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "داینگە هەبووە 800 دۆلاری لە منداڵ وەرگرتووە، کە بۆ خوێندنی ساڵێکی خوێندکارێک لە زانکۆی ئەمەریکی ئەو بڕە پارەیە نەدراوە".
گوتیشی: "هەر چەندە بەشێکی زۆر داینگەمان وەرگرتووەتەوە، بەڵام لە هەوڵی ئەوەداین هەموو وەرگرینەوە، بەشێوازێکی تر بەڕێوەیان دەبەین، بەرنامەمان هەیە کە چۆن ئەو منداڵانە پەروەردە بکەین بۆ قۆناغێکی دیکە".
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوەشکرد: "بەشێکی زۆری داینگەکان لە کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، رادەستی وەزارەتی کار نەکراوە، وەبەرهێنەر خۆی سەرپەرشتی کردووە یان رادەستی کەسێکی دیکەی کردووە و پارەیەکی زۆر لە دایک و باوکی منداڵان وەرگیراوە".
کوێستان محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، "پلانمان هەیە وەزارەت خۆی داینگەکان بەڕێوەبەرێت، بۆ ئەوەی نرخی داینگەکان دابەزێنین، هەروەها ببێتە کێبڕکێی کەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی داینگەی زیاتر بکەنەوە بۆ خزمەتی منداڵان، کە دواجار خزمەتی دایکان دەکات".