بەگوێرەی راپرسییەکان هاوپەیمانییەکەی ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنی کنێست شکستیهێنا
ئەنجامی ڕاپرسییە سەرەتاییەکانی دوای دەنگدان لە ئیسرائیل دەریدەخەن، بەرەی ئۆپۆزسیۆن پێشکەوتنێکی کەمی بەسەر هاوپەیمانییەکەی بنیامین نەتانیاهۆدا بەدەستهێناوە، بەڵام هیچ لایەنێکیان نەیانتوانیوە زۆرینەی ڕەهای کورسییەکانی کەنێست مسۆگەر بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، دوای داخرانی سندووقەکانی دەنگدان لە کەنێستی ئیسرائیل (کە لە 120کورسی پێکدێت)، ناوەندە سەرەکییەکانی ڕاپرسی لە کەناڵەکانی (11، 12 و 13)ی ئیسرائیل پێشبینییان کرد کە بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە نێوان 52 بۆ 53 کورسی بەدەستبهێنێت، لە بەرامبەردا بەرەی نەتانیاهۆ 50 کورسی دەبێت. هاوکات پارتی لیکود بە سەرۆکایەتیی نەتانیاهۆ وەک گەورەترین پارتی پەرلەمان دەمێنێتەوە و پێشبینی دەکرێت 24 بۆ 25کورسی مسۆگەر بکات.
بەپێی ئەنجامەکان، پارتە عەرەبییەکانی ناو ئیسرائیل بەهۆی ڕێژەی بەرزی بەشداریی دەنگدەرانیانەوە سەرکەوتنی بەرچاویان تۆمار کردووە؛ هەردوو لایەنی سەرەکیی عەرەبی (ڕەعەم و لیستی هاوبەش) پێکەوە لە نێوان 17 بۆ 18 کورسی بەدەستدەهێنن. هەرچەندە ئەو پارتانە بە فەرمی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا نین، بەڵام ئامادەیی خۆیان بۆ پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانییەک دەربڕیوە کە نەتانیاهۆ لە دەسەڵات دووربخاتەوە. لە کاتێکدا پارتی لیکود لە هەڵبژاردنی پێشوودا توانیبووی 32 کورسی بەدەستبهێنێت، ئەمجارە بەشێکی زۆر لە پارتە ڕاستڕەوەکان بەڵێنیان داوە لەگەڵ پارتی "یاشار" بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت کار بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز.
گادی ئایزنکۆت لە یەکەم لێدوانیدا ڕایگەیاند: "ئەنجامی ڕاپرسییە سەرەتاییەکان نیشانەی متمانەنەبوونی تەواوی خەڵکە بە نەتانیاهۆ و حکومەتەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر".
هاوکات یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئێستای ئیسرائیل، ئەنجامەکانی بە "شکستێکی کەمەرشکێن" بۆ نەتانیاهۆ وەسف کرد؛ یائیر گۆلانی سەرکردەی چەپەکانیش رایگەیاند"هاووڵاتییان حکومەتەکەی نەتانیاهۆیان دەرباز کرد و کۆتاییان پێهێنا".
دابەشبوونی پێشبینیکراوی کورسییەکان بەپێی پارتەکان:
بەرەی بنیامین نەتانیاهۆ (نزیکەی 50 کورسی):
- پارتی لیکود (راستڕەو-بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتانیاهۆ): 24 بۆ 25 کورسی
- عۆتزمە یەهودیت (توندڕەو - بە سەرۆکایەتیی ئیتامار بن گڤیر): 6 بۆ 7 کورسی
- تەوراتی یەکگرتوو (ئۆرسۆدۆکسی ئەشکەنازی - بە سەرۆکایەتیی یاکۆڤ ئاشەر): 6 بۆ 7 کورسی
- شاس (ئۆرسۆدۆکسی سەفاردی - بە سەرۆکایەتیی ئاریە دەری): 6 بۆ 8 کورسی
- زایۆنیزمی ئایینی (توندڕەو - بە سەرۆکایەتیی بێزالیل سمۆتریچ): 6 کورسی
بەرەی ئۆپۆزسیۆن (نزیکەی 52 بۆ 53 کورسی):
- پارتی یاشار (میانڕەو - بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت): 21 بۆ 23 کورسی
- پارتی بەیحەد (ڕاستڕەوی میانڕەو - بە سەرۆکایەتیی نەفتالی بێنێت): 12 بۆ 14 کورسی
- دیموکراتەکان (چەپڕەو - بە سەرۆکایەتیی یائیر گۆلان): 9 بۆ 10 کورسی
- ئیسرائیل بێتەینو (ڕاستڕەوی عەلمانی - بە سەرۆکایەتیی ئەڤیگدۆر لیبەرمان): 7 بۆ 9 کورسی
پارتە عەرەبییەکان (17 بۆ 18 کورسی):
- لیستی هاوبەش (چەپڕەو - بە سەرۆکایەتیی یووسف جەبارین): 10 بۆ 11 کورسی
- ڕەعەم (ئیسلامیی میانڕەو - بە سەرۆکایەتیی مەنسوور عەباس): 7 کورسی