پزیشکیان: بەبێ پشتبەستن بە ئەمریکا دەتوانین کێشەکانی ناوچەکە چارە بکەین

پووتین و پزیشکیان تاوتوێی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی هەرێمی دەکەن

سەرۆککۆماری ئێران لە میانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی رایگەیاند: وڵاتانی ناوچەکە بەبێ پشتبەستن بە ئەمریکا دەتوانن کێشەکانیان چارە بکەن؛ جەختی کردەوە کە جموجۆڵەکانی واشنتن تاران هان دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ و وڵاتانی ژێر سزاکان پتەوتر بکات.

سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، هاوتا رووسییەکەی لە مۆسکۆ جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە بە توانان لەسەر چارەکردن و یەکلاییکردنەوەی سەرجەم کێشە و قەیرانە هەرێمییەکان بەبێ ئەوەی پشت بە ئەمریکا ببەستن.

بە پێی راپۆرتی میدیا نێودەوڵەتییەکان، ئەم کۆبوونەوە دووقۆڵییەی نێوان پزیشکیان و پووتین راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی کارەکانی هەشتەمین لوتکەی کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری گاز (GECF) لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بەڕێوەچوو.

سەرۆککۆماری ئێران لە میانی گفتوگۆکاندا بە روونی ئاماژەی بە سیاسەتەکانی واشنتن لە ناوچەکەدا کرد و گوتی: ئەمریکا لە رێگەی جموجۆڵ و دەستوەردانەکانی لە ناوچەکەدا، پاڵمان پێوەدەنێت بەرەو پتەوکردنی هاوکارییەکانمان لەگەڵ رووسیا و فراوانکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کەوتوونەتە ژێر گەمارۆ و سزاکانی رۆژئاوا.

پزیشکیان جەختی لە بوونی ئیرادەیەکی سیاسیی تۆکمە کردەوە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ لە بوارە جیاجیاکانی وەک زانست، ئابووری، پیشەسازی، کولتووری، ئەمنی و سەربازی. لە هەمان کاتدا رەزامەندیی فەرمیی ئێرانی بۆ کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتیی دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی رووسیا لە تاران راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، کە تەنیا هەندێک رێکاری هەماهەنگیی کۆتایی ماون بۆ دەستبەکاربوونی.

لای خۆیەوە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند: مۆسکۆ بە بەردەوامی هەوڵ دەدات سەرجەم بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی لەگەڵ ئێران بەدیبهێنێت. هیوای خواست کە پێشهات و ئاڵۆزییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاراستەیەکی ئەرێنی و سەقامگیر هەنگاو بنێن.

سەرۆکی رووسیا پابەندبوونی تەواوی وڵاتەکەی بە جێبەجێکردنی سەرجەم بەڵێننامە و ئەرکەکانی لە چوارچێوەی پڕۆژە هاوبەشەکان لەگەڵ تاران دووپات کردەوە و گوتی: لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان رووسیا و ئێران بە رێژەی 10.4% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

پووتین ئاشکرای کرد، کە کارکردن لە پڕۆژەی بونیادنانی وێستگەی وزەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران بەردەوامە و هەردوولا بەپێی نەخشەڕێگە و رێککەوتنە تەکنیکییەکان لە جێبەجێکردنی پڕۆژە هاوبەشە ستراتیژییەکانیاندا بەردەوام دەبن.