نۆرم كۆڵمه‌ن: كورد له‌ دژی تیرۆر جه‌نگاوه‌ و له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر تێده‌گات

نۆرم كۆڵمه‌ن، سیناتۆر و راوێژكاری باڵا بۆ رێكخستنی جیهانی
نۆرم كۆڵمه‌ن، سیناتۆر و راوێژكاری باڵا بۆ رێكخستنی جیهانی

K24 - هەولێر:

سیناتۆرێكی ئه‌مه‌ریكی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پێش 7ـی ئۆكتۆبه‌ر قبووڵكراو نییه‌، ده‌شڵێت به‌ كۆتاییهاتنی حه‌ماس ئاشتی به‌رقه‌رار ده‌بێت. ده‌شڵێت، كورد له‌ جه‌نگی دژ به‌ داعش جه‌نگاون له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر تێده‌گه‌ن.

نۆرم كۆڵمه‌ن، سیناتۆر و راوێژكاری باڵا بۆ رێكخستنی جیهانی سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی جه‌نگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بریتییه‌ له‌ له‌ناوبردنی حه‌ماس، چونكه‌ مانه‌وه‌ی حه‌ماس واته‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان سیناریۆكانی 7ـی ئۆكتۆبه‌ر، بۆیه‌ ده‌بێت حه‌ماس له‌ناوببرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی به‌رقه‌رار بێت و به‌كارهێنانی قه‌ڵغانی مرۆیی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ كۆتایی پێ بهێنرێت.

نۆرم كۆڵمه‌ن هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، جیهان ده‌بێت له‌وه‌ تێبگات هه‌رگیز گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پێش 7ـی ئۆكتۆبه‌ر قبووڵكراو نییه‌ و ده‌بێت ئه‌و بارودۆخه‌ كۆتایی پێ بهێنرێت، چونكه‌ حه‌ماس خۆی ئه‌وه‌ی ده‌وێت، كه‌ هه‌ر بۆ ئه‌و ئامانجه‌ش له‌ 7ـی ئۆكتۆبه‌ر هێرشی بۆ سه‌ر هاووڵاتییانی ئیسرائیل ئه‌نجام دا.

ئه‌و سیناتۆره‌ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشا، كورد له‌و راستییانه‌ ده‌گات به‌تایبه‌ت كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ دژی تیرۆر و له‌ دژی داعش جه‌نگاوه‌، راستییه‌كه‌ی "ئێران سه‌ری ماره‌كه‌یه‌". كورد به‌ باشی له‌وه‌ ده‌گات ئێران پشتیوانی له‌ حه‌ماس و حزبوڵڵا و میلیشیا شیعه‌كان و رژێمی ئه‌سه‌د له‌ سووریا ده‌كات. روونه‌ كورد سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌، رووبه‌ڕووی هه‌مان بارودۆخ و ئاڵنگاری بووه‌ته‌وه‌.

راوێژكاری باڵا بۆ رێكخستنی جیهانی پێی وابوو بڕیاره‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ بڕیاری جه‌نگ له‌ دژی حه‌ماس دروست بوو، چونكه‌ دیاره‌ ئێران له‌ پشت حه‌ماس و رێكخراوه‌ هاوشێوه‌كانیه‌تی له‌ ناوچه‌كه‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی له‌ ئیسرائیل ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ئێران حزبوڵڵا به‌كاربهێنێت، لوبنانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ی غه‌ززه‌ی به‌سه‌ردێت، بۆیه‌ ئێران نایه‌وێت پێگه‌ی لوبنانی له‌ده‌ست بچێت.

نۆرم كۆڵمه‌ن سه‌باره‌ت هێرشه‌كان بۆ سه‌ر بنه‌كه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و سووریا له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ به‌رده‌وام بن و قوربانی لێ بكه‌وێته‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا وه‌ڵامی بۆ ئێران ده‌بێت، چونكه‌ ئێران له‌ پشته‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌وه‌یه‌. جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كاردانه‌وه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئێران به‌رامبه‌ر به‌ پشتیوانیكردنی له‌و هێرشانه‌ زۆر سه‌خت ده‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش بڕوای كۆمارییه‌كان و دیموكراته‌كانه‌.

ئه‌و راوێژكاره‌ روونیشیكرده‌وه‌ ئه‌و جه‌نگه‌ی له‌ ئارادایه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ جه‌نگی نێوان موسڵمانان و جووه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو جه‌نگی ئیسرائیله‌ دژ به‌ "تیرۆر"، گوتیشی تا ئێستا له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ئیسلامیدا په‌یوه‌ندی و رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌یه‌ كه‌ پێی ده‌گوترێ "رێككه‌وتنی ئیبراهیمی" و دژی ئه‌و هه‌ڵگیرسانی ئه‌و جه‌نگه‌ی حه‌ماس بوو دژی ئیسرائیل. گوتیشی، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌ راستی ئه‌و جه‌نگه‌ ده‌گه‌ن، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌وان دژ به‌ تیرۆر له‌ناو هه‌مان دۆخ و هه‌مان جه‌نگدا بوون.

نۆرم كۆڵمه‌ن پێی وابوو سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی توركیا به‌رامبه‌ر به‌ جه‌نگی ئیسرائیل و حه‌ماس، پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئه‌ندامیه‌تی ئه‌و وڵاته‌ بكرێت له‌ ناتۆ، به‌تایبه‌ت كه‌ توركیا بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی رزگاریخواز ناوده‌بات.

زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فه‌ڵه‌ستینی بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراو و زیاتر له‌ هه‌زار برینداریشی لێ كه‌وته‌وه‌، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.

هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.