ناتەنیاهۆ: بارمتەکانمان ئازادبکرێن ئاگربەست رادەگەیەنین
K24 - هەولێر
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، لە گەیشتن بە ئاگربەست لەگەڵ حەماس نزیکن، بەڵام بەو مەرجەی بارمتەکانیان ئازاد بکرێن.
ئێوارەی رۆژی هەینی، 17-11-2023، بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نوێترین لێدوانی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئێستا بەراورد بە سەرەتای هێرشی زەمینی، نزیکین لە گەیشتن بە ئاگربەست، چونکە هێرشی زەمینی فشاری خستووەتە سەر حەماس تا ئاگربەست رابگەیەنێت، ئاگربەست رادەگەینین ئەگەر بارمتەکان وەربگرینەوە".
وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی کرد، "ئاماژەی بەهێزمان هەبوو بارمتەکان لە نەخۆشخانەی شیفان، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی چووینە ناو نەخۆشخانەکە. ئەگەر بارمتەکان لەوێ بووبن، ئەوە بردراونەتە شوێنێکی دیکە، زانیاری هەواڵگریمان لەبارەی بارمتەکان هەیە، بەڵام چەند کەمتر بڵێم باشترە".
گوتیشی: "دوو نهۆم لەژێر نەخۆشخانەکە، ناوەندی فەرمان دەرکردن، کەرستەی پەیوەندیکردنی سەربازی، بۆمب و چەک و تونێلمان دۆزییەوە".
بنیامین ناتەنیاهۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "بەرپرسیارەتی سەربازیمان لەسەر شانە رێگری لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بکەین. ئامانجمان داگیرکردن نییە، بەڵکوو ئەوەیە ئەوەی لەوێ (غەززە) روودەدات جیاوازبێت، پێویستە چەک و توندڕەوی لە غەززە داماڵین".
زیاتر لە 40 رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دەستگیرکراون.
ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.
هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 07ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 21 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.