به‌هۆی مانه‌وه‌ی ته‌رمی كوژراوان له‌ژێر باڵه‌خانه رووخاوه‌كانی غه‌ززه مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی ده‌كرێت
K24 - هەولێر
میدیا جیهانییه‌كان بڵاویانكردووه‌ته‌وه، بوونی تەرمی کوژراوانی فەڵەستینی لەسه‌ر شه‌قام و ژێر باڵەخانە داڕماوەکانی غه‌ززه، کارەساتی گەورەی تەندروستی دروستدەکات.
به گوێره‌ی زانیاری میدیا جیهانییه‌كان، ژماره‌ی ونبووه‌كان له غه‌ززه گەیشتووه‌تە 4150 کە لەژێر باڵەخانە رووخاوه‌كان ماونه‌ته‌وه.
هۆشداریش لە دروستبوونی کارەساتێکی گەورەی تەندروستی له غه‌ززه به‌هۆی بوونی ته‌رمی زۆری كوژراوان له غه‌ززه ده‌درێت، لەگەڵ ئەوەش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە.
ئاماژە بەوەشکراوه، دۆخی مرۆیی غه‌ززه به‌ره‌و خراپی ده‌چێت، به‌هۆی نەبوونی دەرفەتی بەخاکسپاردنی تەرمی کوژراوەکانی غه‌ززه، ئەگەری بڵاوبوونه‌وه‌ی نەخۆشی و پەتا له‌و شاره ده‌كرێت.
زیاتر لە 40 رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دەستگیرکراون.
ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوە، زیاتر لە مانگێکە پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەمینیانه‌ی بۆسەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 12 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون كه پێنج هه‌زاری منداڵن و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.
هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 21 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.
کارزان حەیدەر