ماکرۆن دۆخی غەززە لەگەڵ میری قەتەر و سەرۆکی میسر تاوتوێ دەکات
K24- هەولێر
سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی دۆخی غەززە و بارمتەکان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هەر یەک لە میری قەتەر و سەرۆکی میسر ئەنجامداوە.
كۆشكی ئێلیزێ، رایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رۆژی شەممە 18/11/2023، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر ئەنجامداوە، سەبارەت بە دانوستان و ئازادکردنی بارمتەکان، لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە لە غەززە.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی گفتۆگۆکانی پوەندییە تەلەفۆنییەکان، كۆشكی ئێلیزێ ئاماژەی بەوەداوە: "باسیان لە دۆخی بارمتەکان و ئەو رێوشوێنانە کرد کە بۆ ئازادکردنیان گیراوەتەبەر"، سیسی و ماکرۆن، جەخت لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلە بۆ قەیرانی غەززە دەکەنەوە".
هەروەها ماکرۆن گوتویەتی: "پێویستە بە زووترین کات ئاگربەست رابگەیەنرێت"، دووپاتکردەوە، ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە غەززە لە زیادبووندایە و نەخۆشخانە و قوتابخانەکان رووبەڕووی بۆردومانی ئیسرائیل دەبنەوە.
ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ سەردانی سباستیان لێکۆرنو، وەزیری هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا، بۆ قەتەر کە نێوەندگیری دەکات، بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە، بەپێی نووسینگەی هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا، سەردانەکەی لێکۆرنو، بۆ دەوحە دووەم سەردانە لە ماوەی 48 کاتژمێردا.
وەزیری فەرەنسا، رۆژی هەینی سەردانی میسر و سعوودیە و ئیمارات و قەتەر و پاشان ئیسرائیلی کرد و لە هەر وێستگەیەکدا دەستی لە دۆخی بارمتەکان داوە، هەروەها لە تەلئەبیب لەگەڵ کەسوکاری دەستبەسەرکراوان کۆبووەتەوە.
لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، کە بههۆیهوه زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران، زیاتر لە 240 کەسیش لای حهماس بە بارمتە دەستگیرکراون، لە هێرشەکانی ئیسرائیلیشدا زیاتر لە 13 هەزار هاووڵاتی سڤیل له غهززه کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.