واشنتن پۆست: ئیسرائیل و حەماس نزیکبوونەتەوە لە رێککەوتن

K24 – هەولێر

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی واشنتن پۆست، ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس نزیکبوونەتەوە لە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ راگرتنی شەڕ.

واشنتن پۆست رایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس بە هاوکاری ئەمەریکا، نزیکبوونەتەوە لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ راگرتنی شەڕ بە شێوەیەکی کاتی و ئازادکردنی دەیان بارمتە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەی رێککەوتنەکە بۆ ماوەی پێنج رۆژ، ئیسرائیل هێرشەکانی رادەگرێت، لە چەند رۆژی داهاتووشدا رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت.

ئەوەشی ئاشکراکرد، رێککەوتنەکە لە شەش لاپەڕە پێکهاتووە و ناوەڕۆکەکەی باس لەوە دەکات لە هەر 24 کاتژمێر جارێک حەماس 50 بارمتە ئازاد دەکات، کە 240 بارمتەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کۆشکی سپی رایگەیاندووە، هێشتا رێککەوتنەکە نەکراوە، بەڵام بەردوامین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان، هەروەها گەشتنی هاوکارییەکان بۆ هاووڵاتییانی غەززە.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، کە به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران، زیاتر لە 240 کەسیش لای حه‌ماس بە بارمتە دەستگیرکراون، لە هێرشەکانی ئیسرائیلیشدا زیاتر لە 13 هەزار هاووڵاتی سڤیل له‌ غه‌ززه‌ کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.

ئا: لاڤین عومەر