سێ بارهەڵگری سووتەمەنی رەوانەی غەززە کرا
K24 - هەولیر
ئێوارەی رۆژی شەممە، سێ بارهەڵگری سووتەمەنی و 50 بارهەڵگری دیکەی هاوکارییە مرۆییەکان، گەیشتە غەززە، دواتر 674 کەس غەززەیان بەجێهێشت.
وائیل ئەبو عومەر، گوتەبێژی دەروازەی رەفەح لە دیوی فەڵەستین رایگەیاند: دەزگای فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران"ئۆنروا" سێ بارهەڵگریان وەرگرتووە کە 127 هەزار لیتر گازوایلیان تێدابووە.
گوتیشی: 50 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی گەیشتووەتە کەرتی غەززە، ئاماژەی بەوەشکرد، بەرەبەیانی رۆژی شەممە نزیکەی 100 بارهەڵگر دەروازەی رەفەحیان لە دیوی میسرەوە بەجێهێشت و بەرەو دەروازەی نیتزانای ئیسرائیل بەڕێکەوتن بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی پشکنین.
راشیگەیاند: 674 کەسی میسری و بیانی و نۆ بریندار و 11 هاوەڵیان کەرتی غەززەیان بەجێهێشت، بەمەش کۆی گشتی ئەو کەسانەی لە ناو کەرتی غەززەوە بەرەو خاکی میسر رۆشتن گەیشتە 694 کەس.
زیاتر لە 40 رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، لە ئەنجامدا زیاتر لە 1200 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دەستگیرکراون.
لەبەرانبەردا ئیسرائیل زیاتر لە مانگێکە بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەمینیانهی بۆسەر شارەکەی دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت: بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 12 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون كه پێنج ههزاری منداڵن و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.
هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 21 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.