پارتی: ئەم هەڵبژاردنە بۆ کوردستانیان لە کەرکووک گرنگ و چارەنووسسازە
K24 - هەولێر
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، رایگەیاند: ئەم هەڵبژاردنە بۆ کوردستانیان لە کەرکووک چارەنووسسازە و داوا دەکەین هەموو هاووڵاتییانی کورد بچن کارتی بایۆمەتری وەرگرنەوە و بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بکەن.
سامان رەشید، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی لە کەرکووک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کەرکووک 77% خەڵکی کەرکووک بایۆ مەتری کردووە کە دەکاتە، 889 هەزار و 745 دەنگدەر، بە بڕیارێکی کۆمسیۆن ئەوانەی تەنیا بایۆمەتری یا ناوی خۆیان تۆمار کردووە، دەبن بە دەنگدەر و ناویان لە لیستی دەنگدەراندا تۆمار کراوە.
گوتیشی: "لە ماوەکانی رابردوو بۆ ماوەی مانگێک لە کەرکووک بنکەکان کرابوونەوە، 140 هەزار دەنگدەر خۆیان تۆمار کرد، ئێستا 128 هەزارو 717 کارتی نوێ گەڕاوەتەوە، لە 43 ناوەندی تۆماری دەنگدەر هاووڵاتییان دەتوانن بڕۆن کارتەکانیان وەرگرنەوە، بۆ هەموو چین و توێژەکان، کۆمسیۆن رۆژانە لە کاتژمێر نۆی بەیانییەوە، بۆ شەشی ئێوارە دەرگاکانی کراوەن، تا بتوانن ئەوکارتانە بگەڕێننەوە بۆ دەنگدەران".
سامان رەشید، هیواخوازە: "خەڵکی کەرکووک بە جۆش و خرۆشەوە بڕۆن کارتەکانیان وەرگرنەوە، چونکە لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا ئەو دەنگدەرانە دەتوانن دەنگ بدەن کە کارتەکانیان بایۆمەترییە، ئەم هەڵبژاردنەش بۆ ئێمەی کوردستانیان زۆر گرنگ و چارەنووسسازە".
دەشڵیت: "ئێمە لە دوای 2003وە هەوڵێکی زۆرماندا لە رێگای دەستوور گرفتی ناوچە کێشە لەسەرەکان چارەسەر بکرێت، کەرکووکیش یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین تەعریبی تێدا کراوە، هەوڵمانداوە لە رێگای مادەی 140وە، رەوشی ئەم ناوچانە چارەسەر بکەین، بەڵام بەغدا کەمتەرخەمی دەکات، بۆ جێبەجێکردنی ئەم مادەیە".
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی لە کەرکووک، ئەوەشی خستەڕوو: "لە دوای خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر، تەعریب هەر بەردەوام بوو بە جۆرێک، شەش ساڵ هیچی کەمتر نەبووە لەوەی سەدەی رابردوو کراوە، خەڵکێکی زۆر هێنرا بۆ کەرکووک و هەوڵدەدەن دیمۆگرافیایی شارەکە بگۆڕن، لە رێگەی ئەو کەسانەی دەیانهێننە ناو شاری کەرکووک بۆ دەنگدان، لە هەوڵی ئەوەدان پارچە زەوی بدەن بەو سەربازانەی کە 10ساڵە لە کەرکووکدان، هەرچەندە ئێمە رێگربووین".
بڕیاره رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت. له سنووری كهركووك ملیۆنێك و دووسهد ههزار دهنگدهر مافی بهشداریكردن و دهنگدانیان له ههڵبژاردنهكان ههیه.