تەندروستی جیهانی: لە ماوەی 72 کاتژمێردا نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی شیفا دەگوازینەوە

نەخۆشخانەی شیفا، بەشی شوشتنی گورچیلە
نەخۆشخانەی شیفا، بەشی شوشتنی گورچیلە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، کار لەسەر گواستنەوەی نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی شیفا دەکەین و لەماوەی 72 کاتژمێر دەیانگوازینەوە بۆ کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر و نەخۆشخانەی غەززەی ئەوروپی لە باشووری کەرتی غەززە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "هێشتا 25 کارمەندی تەندروستی و 291 نەخۆش لە نەخۆشخانەی شیفا ماون، بەهۆی داخستنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانەوە لە ماوەی دوو سێ رۆژی رابردوودا چەندین حاڵەتی گیانلەدەستدان روویداوە، هەروەها لەنێو نەخۆشەکاندا 32 کۆرپەلە لە دۆخێکی زۆر سەختدان، و دوو کەسیش لە چاودێری چڕدا بەبێ ئامێری ئۆکسجینن، هەروەها  22 نەخۆشیش شۆردنی گورچیلەیان بۆ دەکرێت".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەشکردووە، چاوەڕێی گەرەنتی لایەنەکانی ململانێکان دەکەن بەمەبەستی دابینکردنی رێگایەکی سەلامەت بۆ گواستنەوەی بەپەلەی نەخۆشەکان لە نەخۆشخانەی شیفاوە بۆ کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر و نەخۆشخانەی ئەوروپی غەززە لە باشووری غەززە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری تەندروستی فەڵەستین، مای ئەلکیلە رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانەوە تا ئێستا 198 پزیشک و کارمەندی پزیشکی کوژراون، لە کۆی 36 نەخۆشخانەش 25 نەخۆشخانە لە کارکەوتوون.

زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "زریانی ئەقسا"دا تێپەڕیوە کە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران.

ئیسرائیلیش بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسن" وەڵامی دایەوە و بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، کە زیاتر لە 12 هەزار کەس کوژران و زیاتر لە 28 هەزار کەسیش بریندار بوون.