لە ماوەی هەفتەیەکدا دووەم پردی خەرتوم بۆردومانکرا

ئەرشیف... پردی خەزان جەبەل ئەولیا
ئەرشیف... پردی خەزان جەبەل ئەولیا

K24 - هەولێر

سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا یەکتریان تۆمەتبارکرد بە تێکدانی "پردی خەزان جەبەل ئەولیا" لە باشووری خەرتوم، ئەمەش دوای چەند رۆژێک لە وێرانکردنی پردی شەمبات دێت، کە خەرتوم بەحری و ئوم درمان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

گوتەبێژی فەرمی سوپای سوودان لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هێزەکانی پشتیوانی خێرا پێگەکانی سوپایان لەناو "پردی خەزان جەبەل ئەولیا" بۆردومان کردووە و پردەکەیان وێرانکردووە، کە باشووری خەرتوم بە باشووری ئوم درمان دەبەستێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە پلاتفۆرمی ئێکس دا رایگەیاند، هێزەکانی سوپا، "لە درێژەی زنجیرە پێشێلکارییە دڕندەییەکانیان لە تێکدانی دامەزراوە گشتی و تایبەتییەکان"، پردەکەیان وێران کردووە، دەشلێت: میلیشیای عەبدولفەتاح بورهان و پاشماوەی کۆنگرەی نەتەوەیی تیرۆریستی پردی خەزان جەبەل ئەولیایان وێران کردووە، کە باشووری خەرتوم بە ئوم درمانەوە دەبەستێتەوە.

شەممەی رابردوو، هەردوولا یەکتریان تۆمەتبار کرد بە بە تێکدانی پردی "شەمبات" کە شارەکانی خەرتوم بەحری و ئوم درمان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە ئەو پردەیە هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە یەکەم رۆژی شەڕەوە کۆنترۆڵی کردبوو، لەو رێگەیەوە پێداویستییە سەربازییەکانیان لە نێوان هەردوو شارەکەدا دەگواستەوە.

شرۆڤەکاران لایەنگری هێزەکانی پشتیوانی خێرا، وێرانکردنی پردەکەیان لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا رەتکردەوە، هاوکات چالاکوانانی لایەنگری سوپا دڵخۆشی خۆیان دەربڕی بۆ وێرانکردنی پردەکە، گوتیان: پەیوەندیی نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا لەو دوو شارە پچڕاوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی سوپا، هێزەکانییان لەسەر پردەکە جێگیرکراون، بەڵام بە هۆی تۆپبارانکردنی یەکتر لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا، پردەکە بەشێکی ناوچەی تانکەکەدا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، کە لێواری “پردەکە”ە، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات پردەکە بەهۆی تۆپباران و ڕێپێوانەکانی کە لەلایەن "پشتیوانی خێرا" بەکارهێنراون، داڕماوە.

هێشتا قەبارەی زیانەکانی بەنداوەکە روون نییە، بەڵام هەر زیانێکی گەورە بۆ بەنداوەکە لافاوێکی گەورەی لە رووباری نیلی سپیی لێدەکەوێتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا شەڕ و پێکدادان لە ناوچەی جەبەل ئەولیا، کە گەڕەکێکی هەژارنیشینە لە باشووری ویلایەتی خەرتوم روویدا و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەس. هێزەکانی پشتیوانی خێراش رایگەیاندبوو کە بنکەیەکی سوپایان لە ناوچەکە کۆنترۆڵ کردووە.

"پردی خەزان جەبەل ئەولیا" لە ساڵی 1937 لەسەر رووباری نیلی سپی دروستکراوە کە 44 کیلۆمەتر لە باشووری خەرتوم دوورە.

لە 15 نیسانی 2023، شەڕ وپێکدادان لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە خەرتوم روویدا، کە بەهەزاران کەس کوژران و بە ملیۆنانیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون، جگە لە برسێتی و کارەساتی مرۆیی و نەمانی دەرمان و مووچە.