خەڵکی غەززە رێگەی جیاواز بۆ بەردەوام بوون لە ژیان بەکاردەهێنن
K24 - هەولێر
خەڵکی غەززە شێوازی جۆراوجۆر دادەڕێژن بۆ درێژەدان بەو ژیانەی کە ئیسرائیل لە درێژەی شەڕەکانی لە دژی دانیشتوانی کەرتی غەززە ئەنجامی دەدات، کە جگە لە وێرانکاری و کوشتنێکی بەرفراوان، بووەتە هۆی کەمی ماددە سەرەتایی و نابنەڕەتییەکان، کە خەڵکی غەززە بێ کارەبا و ئاو و دەرمان و سووتەمەنی دەهێڵێتەوە.
یوسف مەتەر تەمەن 56 ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی شێخ رەزوان لە شاری غەززە، بەرۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاند، هەموو رۆژێک ناچارە بە عەرەبانەیەکی دار کە ئاژەڵێک رایدەکێشێت، بە مەبەستی هێنانی ئاوی خواردنەوە بڕوات ئاو بهێنیت، گوتیشی: وشەی گونجاوی نەدۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی ئەو دۆخە روون بکاتەوە کە ناچار بووە لەگەڵیدا بژی.
ئاماژەی بەوەشکرد، فیلمی دیکۆمێنتاری و چیرۆک و حیکایەتەکانی ژیانی سەرەتایی مرۆڤی لەبیرە، بەوەی لەناو عەرەبانەکەدا دانیشتووە و ژیانی خۆی خستۆتە مەترسییەوە بۆ هێنان و دەستەبەرکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ خێزانەکەی، کە 28 ئەندام لەخۆدەگرێت، هەروەها 40 کەس لە کەسوکاری خۆی کە ئاوارەبوونە و لە بەیت حانون و جەبەلیاوە هاتبوون.
مەتەر ئێستا 20 شیکڵ (نزیکەی 5 دۆلار) دەدات بۆکرێی عەربانەکە ، بەراورد پیش جەنگ کە 4 شیکڵ، نزیکەی یەک دۆلار بوو ئەم عەرەبانانە پێش جەنگ بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و سەوزە و شتی تر بەکار دەهێنران، بەڵام ئەمڕۆ بوونەتە تاکە رێگا بۆ خەڵکی غەززە بەهۆی وەستانی جوڵەی ئۆتۆمبێلەکان.
محەمەد ئەبو فول، کە عەرەبانەیەکی هەیە بە گوێدریژ رایدەکێشێت، دەڵێت: دوای ئەوەی زۆربەی ئۆتۆمبێلەکان وەستان، بیری لەوە کردۆتەوە عەرەبانەکەی بە کاربهێنێت، ئەبو فول زۆرێک لەو دانیشتووانە دەگوازێتەوە کە دەیانەوێت کۆچ بکەن بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور، لە بەرامبەردا بڕە پارەیەک کە بڕەکەی 50 شیکل (نزیکەی 13 دۆلار).
ئەبو فول بەهەمان رۆژنامەی گوت: بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبێل ناچار بووە ئەم کارە بکات و دەڵێت: من لەلایەک یارمەتی خەڵک دەدەم، لەلایەک یارمەتی خۆم دەدەم.
ئەبو فول هەموو ئاوارەبووەکان دەگەیەنێتە گەڕەکی زەیتون، کە دەکەوێتە دووری باشووری شاری غەززە، پاشان سەرنشینەکان ناچار دەبن بە پێ لەسەر رێگای سەرەکی بڕۆن تا دەگەنە ناوچەکانی ناوەڕاستی کەرتی غەززە، هەروەها بە ئۆتۆمبێلی هاوشێوە دەڕۆن بۆ شوێنی مەبەست.
ئیسماعیل یەعقوبی ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی گەشتکردندا ئۆتۆمبێلی پێ باشترە، چونکە سەلامەتترە. ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی توانای جوڵەیان هەیە لە کەرتی غەززە زۆر کەمی کردووە، ئەمەش بە هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانە بەشێکی زۆریان لە بۆردومانەکانی ئیسرائیلدا لەناوچوون، ئەوانی دیکەش ناتوانن لە شەقامە وێرانبووەکاندا لێبخوڕن یان سووتەمەنی و گازوایلیان تەواو بووە، یانیش بەهۆی ترسی بۆردومانکردنی ئاسمانییەوە.
ئیسرائیل لە یەکەم رۆژی شەڕەوە سووتەمەنی لەسەرغەززە بڕیی، ئەمەش وایکرد بەشێک لە خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی کەرتی غەززە، بەتایبەت شاری غەززە و کەرتی باکوور، "زەیتی رووەکی" بەکاربهێنن، کە لە دروستکردنی خۆراکدا بەکاردەهێنرێت، وەک بەدیلێک لەجیاتی سووتەمەنی ئۆتۆمبێلەکان بەکار دەهێنرێت.
بەکارهێنانی زەیتی رووەکی لە ئۆتۆمبێلەکاندا زیانی زۆری لێدەکەوێتەوە، کە لە کێشەی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەوە دەستپێدەکات و بە بۆنی ناخۆش کۆتایی دێت کە زیان بە تەندروستی مرۆڤەکان دەگەیەنێت. ئەبو موسا دەڵێت: سووتەمەنی و تەکسی نییە، دۆخەکەش خراپتر دەبێت.
هەندێک لە خەڵکی غەززە پانێڵی خۆریان لەسەر ماڵەکانیان هەیە، هەروەها هەزاران کەس بەکاریان دەهێنا بۆ شەحنکردنەوەی مۆبایلەکانیان.
زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "زریانی ئەقسا"دا تێپەڕیوە کە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران.
ئیسرائیلیش بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسن" وەڵامی دایەوە و بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، کە زیاتر لە 12 هەزار کەس کوژران و زیاتر لە 28 هەزار کەسیش بریندار بوون.