عەلی تەتەر: دهۆک بووەتە ناوەندی کۆکردنەوەی بەرپرسانی جیهان

K24 - هەولێر
پارێزگاری دهۆک دەڵێت، "دهۆک ساڵانە دەبێتە ناوەندی کۆکردنەوەی سیاسەتمەدار و بەرپرسانی وڵاتانی جیهان و، کۆڕبەندی ئەمساڵی مێپسیش لەکاتێکی زۆر هەستیاردا بەڕێوەدەچێت".
ئەمڕۆ دووشەممە، 20-11-2023، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کاتی بەشداریکردنی لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ساڵانە شاری دهۆک دەبێتە ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی سیاسەتمەدار و بەرپرسانی وڵاتانی جیهان".
پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆڕبەندی مێپس 2023، لە دۆخێکی زۆر هەستیاردا بەڕێوەدەچێت بەتایبەت کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی قەیران و شەڕێکی نوێی زۆر گەورە، کاریگەر و هەستیار بووەتەوە".
بە گوتەی پارێزگاری دهۆک، "لە پانێلەکانی کۆڕبەندەکەدا زیاتر گفتوگۆ لەسەر کاریگەریی شەڕی غەززە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەکرێت. شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا پشتگوێخراوە، ئێستا سەرنجی هەموو جیهان لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە".
ئەوەشی خستەڕوو: "لە کۆڕبەندەکەدا باس لەوە دەکرێت، عێراق چۆن بتوانێت عێراقییانە بیربکاتەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی لەبەرچاوبگرێت؛ پاشان کار بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین".
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی، لێکۆڵەر، توێژەر، ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا دەستپیپێکرد.
کۆڕبەندی مێپس، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە، زیاتر لە 300 سەرکردە، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و پسۆڕ لە بوارە ئابووری و ئاسایش لە 80 وڵات بەشداری دەکەن، لە چەندین پانێلدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.