بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددین بەڕێوەدەچێت
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێورەسمی ئاهەنگی دەرچووانی خولی 45ـەمینی زانکۆی سەڵاحەددین -هەولێر بەڕێوەدەچێت.
د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین، بە کوردستان24ـی گوت، ئاهەنگی ئەمساڵی خولی 45ـەمینی زانکۆکە لەژێر دروشمی "بەیەکەوەژیان و ئاسوودەیی" ساز دەکرێت، تێیدا پێنج هەزار و 347 قوتابی بڕوانامەیان پێ دەدرێت، کە لە چوار هەزار و 94 دەرچووی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و هەزار و 253 دەرچووی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) پێکهاتوون.
لە مەراسیمەکەدا جیا لە سەرۆکی حکوومەت، ژمارەیەک لە وەزیران، بەرپرسانی حکوومی و حزبی، مامۆستایان و کەسوکاری قوتابییان ئامادە دەبن.
زانکۆی سەڵاحەددین کۆنترین و گەورەترین ناوەندی ئەکادیمیی حکوومییە لە هەرێمی کوردستان و لە ساڵی 1968 دامەزراوە. لە ئێستادا زانکۆکە لە 17 کۆلێژ و زیاتر لە 85 بەشی زانستی، مرۆڤایەتی و ئەندازیاری پێکدێت و ساڵانە هەزاران پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەکاندا پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکات.