پووتین: هێنانی هێزی بیانی بۆ ئۆکرانیا جەنگ فراوانتر دەکات

سەرۆکی رووسیا هۆشداریدا، هەر جۆرە بڵاوکردنەوەیەکی هێزی بیانی لە ئۆکرانیا دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەی ئاشتی، دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان. هاوکات جەختیکردەوە بوونی هێزی لەو شێوەیە بۆ مۆسکۆ قبووڵکراو نییە و وەک ئامانجی رەوای هێزە چەکدارەکانی رووسیا ئەژمار دەکرێت.

پێنجشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2026، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لە کرێملین لەگەڵ ستێڤ ویتکۆڤ و جارید کوشنەر، نێردراوانی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەوروپییەکان ئەمە دەزانن، بەڵام دەڵێن دەستبەجێ دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەی ئاشتی هێزەکانیان دەنێرنە خاکی ئۆکرانیا. ئێمە پێشتر ئەم بابەتەمان تاوتوێ کردووە، بۆ ئێمە ئەمە ئامانجێکی رەوایە، واتە جەنگ دەستبەجێ دەستپێدەکاتەوە."

سەرۆکی رووسیا داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیان کار بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی هەڵوێستیان سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا. پووتین گوتی مۆسکۆ دەیەوێت ئەمریکییەکان لەگەڵ ئەوروپییەکان کار بکەن تا ئەو کاتەی دەتوانن دیاری بکەن ئایا دەیانەوێت ئاشتی یان جەنگ لە ئۆکرانیا هەبێت، هەروەها ئامادەییی رووسیای بۆ کارکردن لەگەڵیان دووپاتکردەوە.

پووتین لە نێردراوە ئەمریکییەکەی خواست زانیارییەکانیان پێ رابگەیەنن سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی یەکێتیی ئەوروپا بۆ رێککەوتن لە ئۆکرانیا، ئەوەش دوای ئەو پەیوەندییانەی ئەوان لەگەڵ نوێنەرانی ئەوروپا لە دانوستانەکانی ئەبووزەبی ئەنجامیانداوە. پووتین گوتی: "هەڵسەنگاندنەکانی ئێوە بۆ ئەم پرسە لەو روانگەیەوە، لە روانگەی ئەوروپاوە، گرنگییەکی زۆری بۆ ئێمە هەیە." ئەو سەرۆکە جەختیکردەوە مۆسکۆ هەرگیز دژی دیالۆگ لەگەڵ ئەوروپا نەبووە و رایگەیاند، ئەوە وڵاتە ئەوروپییەکان بوون دیالۆگیان لەگەڵ رووسیا پچڕاندووە.

لەبارەی پێشهاتە مەیدانییەکانەوە، پووتین گوتی لێدوانەکانی دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا لەبارەی کۆنترۆڵکردنی ناوچە دیاریکراوەکانەوە لەوانەیە بەردەوام بێت، بەڵام پێیوایە لە سێبەر و ئامرازە مۆدێرنەکانی ئامانجگرتندا، دڵنیابوون لە راستییەکان لەسەر زەوی زەحمەتتر بووە.

سەرۆکی رووسیا ئاشکرایکرد، جێبەجێکردنی پرۆسەیەکی نوێی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا نزیک بووەتەوە. پووتین گوتی پرۆسەیەکی ئاڵوگۆڕکردن لە نێوان هەردوو لادا ئەنجامدراوە و هەنگاوێکی دیکەی گەورە لەو ئاراستەیەدا نزیک بووەتەوە.

پووتین جەختیکردەوە مۆسکۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ئۆکرانیا دەوێت و هۆشداریدا لەوەی مانەوەی ئەو ناوچانەی بە ناوچەی خۆڵەمێشییەکان ناوی برد، هەر رێککەوتنێک رووبەڕووی ناکۆکی دەکاتەوە و هەلەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لاواز دەکات. هەروەها گوتی رووسیا دانی بە هێڵێکی دیاریکراوی سنوور لەگەڵ ئۆکرانیا داناوە کە بریتییە لە سنووری نیشتمانیی روون و دیاریکراو.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی رووسیا ئامادەییی مۆسکۆی بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی ئەرکێکی مرۆیی ئەگەری لە کۆنستانتینۆڤکا لە دۆنێتسک راگەیاند و پێشنیازیکرد ئەرکێکی مرۆیی هاوبەش لەوێ ئەنجام بدرێت بە هەمان شێوەی ئەزموونێکی پێشوو لە ئەلیوشکی.

پووتین گوتی هێزەکانی رووسیا کۆنترۆڵی کۆنستانتینۆڤکایان کردووە و زیادیکرد: "ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا کۆنترۆڵی ئەو شارە دەکەن، وەک بانگەشەی بۆ دەکەن، با ئاسایشەکەی مسۆگەر بکەن، بەڵام لە روانگەی منەوە، هێزەکانی رووسیا کۆنترۆڵی شارەکە دەکەن و ئێمە لە لای خۆمانەوە ئاسایشەکە مسۆگەر دەکەین."

سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پێویستی بە 5 رۆژە بۆ پوچەڵکردنەوەی مینەکان لەو رێگایانەی دەچنە شارەکەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە مرۆییە ئەگەرییەکە. پووتین گوتی: "ئێمە لە لای خۆمانەوە ئاسایش مسۆگەر دەکەین. پێویستمان بە 5 رۆژە بۆ پوچەڵکردنەوەی مین لەو رێگەیانەی دەچنە ئەو شارۆچکەیەوە. ئەگەر ئۆکرانیا کۆنترۆڵی دۆخەکە دەکات، با ئەوانیش هەمان شت بکەن."