دلاوەر ئاژگەیی: ئەو ئاسایشەی هەرێمی کوردستان دەبێتە دەرفەتێك بۆ کۆمپانیاکان کە بتوانن لیرە بەردەوام بن

K24- هەولێر

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بە ئاسانی دروست نەکراوە، هەروەها ئیستا فۆکەسی جیهان لەسەر شەڕی ئیسرائیل و حەماسە، بۆیە دۆست و نەیار دەیانەوێت بزانن هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو دۆخە چۆنە.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا لە لێدوانێکی تایبەتدا بە  کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژهەڵاتی ناوەراست بە بارودۆخێکی یەکجار هەستیاردا تێدەپەڕێت، بەتایبەت شەڕی ئیسرائیل و حەماس، هەروەها کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە چییە، بۆیە بۆ خەڵکی کوردستان زۆر گرنگە بزانێت ئەوقەیرانە بەرەو کوێ دەچێت.

گوتیشی: ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بە ئاسانی دروست نەکراوە، بەڵکو ئیشی بۆ کراوە، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بەئاسایش و ئارامی بژی، لە شوێنێکین کە دەوروپشتمان هەمووی ئاگرە.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو ئاسایشەی هەرێمی کوردستان دەبێتە دەرفەتێك بۆ کۆمپانیا ناوخۆیی و دەرەکییەکان کە بتوانن لەکوردستان بەردەوام بن، هەروەها دەرفەتێکیشە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.

لەسەر شەڕی غەززە، ئاژگەیی گوتی: شەڕی غەززە و ئیسرائیل، سەڕی رووسیا و ئۆکرانیای پشتگوێ خست، ئیستا فۆکەسی جیهان لەسەر شەڕی ئیسرائیل و حەماسە، بۆیە دۆست و نەیار دەیانەوێت بزانن هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو دۆخە چۆنە، بۆیە ئەوەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگە ئەوەیە سیاسەتێک پەیرەو بکات کە دۆخی هەرێمی کوردستان بەرەو ناسەقامگیری نەبات.