رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست مافی پێنه‌دراوه
"پێویسته بڕیاربه‌ده‌ستان له ئاستی ناوچه‌كه و نێوده‌وڵه‌تی گرنگیه‌كی زیاتر به پرسی كورد بده‌ن"

K24 - هەولێر:
وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی پانیلێك له کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو به مێپس، رایگه‌یاند، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهان به قۆناغی جیای ململانێی زلهێزه‌كاندا تێپه‌ڕیوون، پسپۆران پێیان وابووه، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت كۆنترۆڵی جیهان بكات، ده‌بێت سه‌رچاوه‌كانی داهات و سووته‌مه‌نی له كۆنترۆڵی ئه‌و دابێت، بۆیه له‌سه‌ده‌كانی 19ـه‌وه زلهێزه‌كان كۆنترۆڵی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان كردووه. هاوكات گوتیشی: "كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌ك پێویست مافی پێنه‌دراوه".
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی پانیلێك له كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو به مێپس 2023، رایگه‌یاند، ململانێی زلهێزه‌كان له میانه‌ی هه‌ردوو جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و دووه‌م له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروست بوو.
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د پێی وایه، چوارچێوه‌ی ململانێكانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، زۆربه‌یان ئایینی، مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یین، به‌شێكیشی بۆ دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه. گوتیشی: به‌شێكی سه‌ره‌كی ململانێكانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سنوور ده‌گه‌ڕێته‌وه.
وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند، ده‌ستنیشانكردنی ته‌نگه‌ژه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هۆكارێكه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به ره‌چاوكردنی بارودۆخه‌كه، به‌داخه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك پێویست چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نه‌كردووه.
باسی له‌وه‌شكرد، كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به پێی قۆناغ و شێوازی جیاواز خۆیان پیشان داوه، كه‌س جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه كێشه‌كان بنبڕ بكات و چاره‌سه‌ریان بكات، یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی هه‌ن له‌و ناوچه‌یه، قه‌یرانی فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیله، وێڕای كێشه‌ی كوردستان، كه كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره له ناوچه‌كه، وه‌كو پێویست مافی پێنه‌دراوه، بۆیه پێویسته پسپۆران و بڕیاربه‌ده‌ستان له ئاستی ناوچه‌كه و نێوده‌وڵه‌تی گرنگیه‌كی زیاتر به پرسی كورد بده‌ن.
تایبه‌ت به قه‌یرانه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د گوتی: "من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییم ئیداره‌ی قه‌یرانه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام چاره‌سه‌ری بۆ قه‌یرانه‌كان بدۆزرێته‌وه، كه به‌داخه‌وه زلهێزه‌كان له‌ماوه‌ی رابردوودا هه‌وڵیانداوه ئیداره‌یه‌كی باشتری قه‌یرانه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بده‌ن، به‌و ئاراسته‌ی كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان تێدا پارێزراو بێت، بێ ئه‌وه‌ی هیچ گۆڕانێك دروست ببێت".
روونیشیكرده‌وه، جۆری ململانێی نێوان زلهێزه‌كان له دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م، ئه‌و هاوپه‌یمانێتییانه‌ی كه دروست بوون له ناوچه‌كه، هاوشێوه‌ی هاوپه‌یمانی به‌غدا، تاكو ناتۆ و وارشۆ، جیا له وڵاتانی (عدم الانحیاز)، كه 40 تا 50 ساڵ ناوچه‌كه به‌مشێوه‌یه ئیداره درا، به له‌به‌رچاوگرتنی باڵانسی هێز و به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه میلله‌تانی ناوچه‌كه قوربانی ئه‌و جۆره سیاسه‌ته بوون، میلله‌تی كوردیش یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین قوربانی ئه‌و سیاسه‌تانه بوو، كه ساڵانێكی دوور و درێژ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد له كوردستان لێره له باشوور تووشی گرفت بووه‌وه، خه‌باتێكی دوور و درێژ كرا و قوربانییه‌كی زۆریش له‌مپێناوه درا.
هه‌روه‌ها گوتیشی: "له‌و كاته‌ی ناوچه‌كانی كوردستان جینۆساید، كیمیاباران و ته‌عریب ده‌كران، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو تاوانانه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باڵانسی هێز له به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان بوو، وه‌ڵامده‌ره‌وه بۆ كێشه‌ی كورد نه‌بوو و گوێگرێك نه‌بوو بۆ كێشه‌و گرفته‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد.
ئەمڕۆ دووشەممە 20/11/2023، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و لێکۆڵەر و توێژەر و ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە MEPS لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەستپیپێکرد و سبه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت.