باسم بەدری وردەکاریی پلانی چەکداماڵین، شنگال و کشانەوەی تورکیا ئاشکرا دەکات
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، وردەکاریی پلان و هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق بۆ سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت، چارەسەری پرسی شنگال و کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سەربازگەی باشیک ئاشکرا کرد.
باسم بەدری، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە پانێڵێکی تایبەتدا لە چوارچێوەی کۆنفرانسی چاتام هاوس لە لەندەن گوتی: سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی چەک و قۆرخکردنی بڕیاری شەڕ و ئاشتی بە دەستی حکوومەت، دەسەڵاتی فیدراڵی دیدگایەکی روونی هەیە و بابەتەکە بە هەنگاوی ورد بەڕێوە دەچێت. وادەی پێشووی جێبەجێکردنی پلانەکەش، کە 30ـی ئەیلوول بوو، بەهۆی ناڕاستەقینەبوونییەوە بۆ 30ـی حوزەیرانی 2027 درێژ کرایەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، لەبارەی کۆدەنگیی سیاسییەوە، گفتوگۆی پێویست لەگەڵ سەرکردەکان کراوە و جۆرێک لە لێکتێگەیشتن هەیە. قۆناخی یەکەمی جێبەجێکردنیش بریتییە لە دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانەی نیگەرانیی یاسایی یان سیاسییان هەیە، بەبێ ئەوەی رێگە بە هیچ لایەنێک بدرێت بە ناڕەوا ئاستەنگ دروست بکات.
باسی لەوەشکرد، قۆناخی دووەمی پلانەکە تەنیا نەهێشتنی دەرکەوتەکانی چەکداری نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئەو بنکە و ژێرخانانەیە کە چەک بەرهەم دەهێنن. ئەمەش بە هەڵوەشاندنەوەی ئابووری دەست پێ دەکات و پاشان رێکاری ئەمنی و هەواڵگری دەگرێتەوە، تا لە قۆناخی سێیەمدا پرۆسەکە بە ئیرادەیەکی سیاسیی یەکلاکەرەوە لەلایەن حکوومەتەوە پشتیوانیی لێ بکرێت.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەشڵێت: پەیوەست بە بوونی هێزەکانی تورکیا، کە لە زیاتر لە 200 خاڵ و پێگەی سەربازیدا لە عێراق جێگیرن بە بنکەی سەرەکیی باشیکیشەوە لە قووڵایی 50 کیلۆمەتری خاکی عێراق، پلانی چارەسەری شنگال بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ ئەنقەرە بەڕێوە دەچێت، کە لە 23ـی ئەیلوول لە نیویۆرک رێککەوتنی لەسەر کرا.
گوتیشی: هەروەها لێژنەیەکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتیی خۆی بۆ سەرپەرشتیکردنی پلانەکە پێکهێندراوە. ناوەڕۆکی رێککەوتنی لێژنەکەش بریتییە لە تێکەڵکردنی چەکدارانی ناوخۆیی یەبەشە لە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت، ئاوەدانکردنەوەی شنگال و هەڵبژاردنی ئیدارەیەکی خۆجێی، کە لە بەرامبەردا تورکیا دەست بە کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخ لە سەربازگەی باشیک دەکات.
باسم بەدری روونیکردەوە، لە کۆی نزیکەی 4,165 چەکداری تۆمارکراو، لە قۆناخی یەکەمدا بڕیار لەسەر تێکەڵکردنی 2,500 چەکدار درا. دوای سەردانێکیش بۆ ئیستانبوڵ، لایەنی تورکیا پێوەستبوونی خۆی بۆ دەستپێکردنی کشانەوە لە باشیک لەم مانگەدا پێشان دا، هاوکات 31ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ وەک دوا وادە بۆ چارەسەری تەواوەتیی دۆسیەی شنگال دیاری کرا.
راشیگەیاند، سەبارەت بە پەیوەندییە دەرەکییەکان، هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی داوای لە عێراق نەکردووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت، بەڵکو داوا کراوە پەیوەندییەکان هاوسەنگ بن، رێز لە سەروەریی عێراق بگرن و بەرەو تەواوکاریی ئابووری هەنگاو بنێن، لە کاتێکدا هەر رێکخستنێکی ئەمنیی هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەت بە تەواوی رەت کراوەتەوە.
باسم بەدری دەڵێت: ململانێکانی رابردوو دەریان خستووە کە هاوپەیمانێتییە تەقلیدییەکان لەسەر بنەمای ئەمنی لاوازن، بۆیە پێویستە ناوچەکە گرنگیی زیاتر بە پەرەپێدانی ئابووری بدات. بەشێکی دیکەی پلانەکەش چاودێریکردن و وردبینیی دارایی دەگرێتەوە بۆ ئەو گرووپانەی لەژێر پەردەی حەشدی شەعبیدا کار دەکەن، ئەوەش بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی ورد جێبەجێ دەکرێت.
باسی لەوەشکرد، سروشتی مەترسییە مەیدانییەکان بۆ هێرشی درۆن و مووشەکی دوورمەودا گۆڕاوە کە هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە. سەبارەت بە سەرچاوەی درۆنەکانیش، جەختی کردەوە، دەبێت پشت بە زانیاریی فەرمی و هەواڵگریی پشتڕاستکراوە ببەسترێت نەک گوتەی میدیایی، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە لەلایەن لێژنە تایبەتمەندەکانەوە بەردەوامە.
هەروەها تەواوی گرووپەکان دەبێت لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا بن و چەکداری سەربەخۆ نەمێنێت. سەبارەت بە ناوچەی جەرف سەخر، دوای تەواوبوونی قۆناخی یەکەمی کۆکردنەوەی چەک، لە قۆناخەکانی داهاتوودا تەواوی ئەو ناوچانە بە یەکجاری دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراقەوە.