دڵشاد شەهاب: سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەیەکی دروست هەنگاو دەنێت
K24 - هەولێر
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی مێپس لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی جیهان یاخود ناوچەکەی ئێمە نەبوونی دیالۆگ و لێکتێنەگەیشتنە.
گوتیشی: دروستکردنی دەرفەتێکی وا گرنگ، کە بیروڕای جیاواز و لایەنی جیاواز، کەسایەتی جیاواز بەشدارن و گفتوگۆ دەکەن لەسەر بابەتی گرنگ، کە لە ئێستادا هەر کێشەیەک لە جیهاندا، کاریگەری لەسەر هەمووان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی گەورە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، هەرێمی کوردستانیش فاکتەرێکی سەقامگیرییە، سیاسەت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە ئاراستەیەکی دروست هەنگاو دەنێت.
دەشڵێت: لە ناوچەیەکی پڕ کێشەدا ئێمە لایەنگیر نین، ئێمە لایەنی چارەسەرین، بەبڕوای من ئەوە گرنگترین پەیامی مێپس بوو.
باسی لەوەشکرد، کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان عێراق رەنگدانەوەی لەسەر ئابووری و ئاسایش و سەقامگیری هەیە، لەبەر ئەوە هەموو جیهان پەیوەستە بە هەر کێشەیەک کە لە هەر ناوچەیەک روودەدات.