دیندار زێباری: پێویستمان بە میدیای بەرپرسیارە
K24 – هەولێر
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان لە رووی ئازادی رادەربڕین پێشوەچوونی باشی بەخۆیەوە بینیووە و پێویستی بە میدیای بەرپرسیارە.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی گوت: "لە هەرێمی کوردستان پێویستمان بە میدیایەکی بەرپرسیارە، کە گواستنەوەی هەواڵ و تێڕوانینی میدیا دەبێ راستگۆیی و بەرپرسیاریەتی تێدا بێت".
گوتیشی: "لە هیچ وڵاتێک هەموو شتێک سەدا سەد نییە، بەڵام هەرێمی کوردستان پێشوەچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئازادی رادەربڕین بەشێکی گرنگە لە پلانی مافی مرۆڤ، سەرۆکی حکومەت پاڵپشتی سەرەکی ئەم پلانەیە، ئێستا نەک دەرگاکان بۆ رووماڵ و ئازادی میدیایی کراوەن، بەڵکو ئێمە لە پرۆسەیەکی زۆر فراوان داین، بۆ ئاستی تێگەیشتن و بەشداری سەندیکاکان، هەتا رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی هاوکاربن بۆ بەرپرسیاریەتی دامودەزگاکانی ئێمە، هەمیش بۆ پێدانی زانیاری".
دیندار زێباری، راشیگەیاند: "دوو مانگ لەمەوبەر بە نووسراوی فەرمی هەموو دامودەزگاکانی حکومەتمان لەسەر ئاستی وەزارەتەکان ئاگادار کردووەتەوە کە پێویستە ئاسانکاری زیاتر بکەن لە پێدانی زانیاری، بۆ ئەوەی ئەو زانیاریانەی پێویستە هاووڵاتییان ئاگاداری بن رێگەخۆش بکرێت میدیاکان رووماڵی بکەن و بیگوازنەوە".
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئەوەشی خستەڕوو: "لە هەرێمی کوردستان لێک تێنەگەیشتنێک هەیە لەبارەی کاری میدیایی، هەندێک لایەن کاری رۆژنامەگەری دەکەن و ئەجێندای سیاسییان لە پشتە، ئێمە دەمانەوێت کاری رۆژنامەگەری لە ئەجێندای سیاسی جیا بکرێتەوە میدیاکاران بە پرۆفێشناڵی کار بکەن".